سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی ڕەتیدەکاتەوە قەرز بداتە ڤەنزوێلا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا

سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی داوای ڤەنزوێلای ڕەتکردەوە بۆ پێدانی قەرز بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.


سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕەتیکردەوە ڕازی بێت بەو داوایەی حکومەتەکەی مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا بە پێدانی بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو تەئیکیدی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی مادۆرۆ شەرعیەتی نەماوە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە.

دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە واشنتنە لە بەیاننانمەیەکدا ڕایگەیاند، بەداخەوە سندوقەکە لەدۆخێکدا نییە بە داوایەکی وا ڕازی بێت.

دەشڵێت: ڕێکارەکانی سندووقەکە بەجۆرێکە کە حکومەتی ئەو وڵاتە متمانەپێکراو بێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، لەم کاتەشدا حکومەتی نیکۆلاس مادۆرۆ لە کاراکاس متمانەی نەماوە.

بە ئەمریکاوە ٥٠ وڵات دان بە حکومەتەکەی مادۆرۆ نانێن و دان بە ڕکابەرەکەیدا دەنێن بە سەرۆکایەتی خوان گوایدۆ ڕێبەری ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و وەک سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

سزاکانی ئەمریکاو فشارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شکستیان هێنا بە لادانی مادۆرۆ کە ئێستا بەتەنیا چین و ڕوسیا پاڵپشتی دەکەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و تەواوی هێزی وڵاتەکە لەژێر دەستی خۆیدایە.

ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ڤەنزوێلا گەیشتووەتە ٣٣ کەس، بەبێ مردنی کەس، سیستمی تەندروسیتی ئەو وڵاتەش لەدوای قەیرانی دارایی  لە ٢٠١٨، هەرەسی هێناوە لەکاتێکدا یەکەم وڵاتی جیهانە لەڕووی یەدەکی نەوتییەوە.

کۆتا هاوکاری سندووقی دراوی نیودەوڵەتیی بۆ کاراکاس لە ساڵی ٢٠٠١دا بووەو دوایین سەردانی بەرپرسانی سندووقەکەش لەساڵی ٢٠٠٤ بووە بۆ کاراکاس.

ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری سەرۆکی کۆچکردووی وڵات هۆگۆ چاڤێز کە لە ساڵی (١٩٩٩ تا ساڵی ٢٠١٣) حوکمی وڵاتی کرد، ڤەنزوێلا لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کشایەوە.

 

ش.ف