"سوننە و شیعە كۆكن بودجەی کورد نەبێتەوە بە ١٧% "

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق دەكات، پێی وایە تا خوێندنەوەی یەكەم لەسەر پرۆژەیاسای بودجە نەكرێت، گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكان و بەغدا ناكرێت، دەشڵێت: سوننە و شیعە كۆكن بودجەی کورد نەبێتەوە بە ١٧% .


پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩-ی عێراق ڕۆژی ٢٨/ئۆکتۆبەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنەکە، دەربارەی پشكی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا بۆ ڕۆژنیوز دوا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، باسی لەوە کرد،  كە  لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بۆیە پشكی تەواوەتیی هەرێم لە بودجە نەدراوە، بۆ بودجەی ٢٠١٩ش هەمان بڕگە دووبارەكراوەتەوە كە پێویستە هەرێمی كوردستان نەوت لەڕێگەی بەغداوە بنێرێتە دەرەوە.

نابراو، باسی لە ئامادەکاریی پرۆژەکە کرد و وتی، كە پڕۆژەیاساکە وەزارەتی دارایی کابینەکەی حەیدەر عەبادی ئامادەیكردووە، بەڵام دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیرانی نوێ كە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی-یە، گۆڕانکاریی لە هەندێك لە خەرجییەكان و داهات و کورتهێنانی بودجەدا کردووە.

لەبارەی پشكی كورد لە بودجەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ڕێژەی ٦٧ .١٢% بۆ هەرێمی كوردستان ڕێژەیەكی ڕاست و گونجاو نییە، تا ئێستاش هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ هێزە کوردییەکان نەکراوە تا لەوبارەیەوە دانیشتن بکەن، چونکە لەئێستادا هێزە کوردییەکان زۆر شپرزەن، بەڵام بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ دەكرێت، کۆبوونەوەی نێوان بەغدا و لایەنە كوردییەكان لەوبارەیەوە دەکرێت.

جەختیشی کردەوە، کە "سوننە و شیعە كۆكن بودجەی کورد نەبێتەوە بە ١٧% ".

سەبارەت بە بودجەی پێشمەرگە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاماژەی بەوەكرد، كە بودجەی پێشمەرگە لەسەر پشكی ١٢%-كەیە، بەو پێیەی لە بودجەی ٢٠١٨ وا ڕێككەوتن كە هەرێمی كوردستان خشتەیەكی تایبەت بە پێشمەرگە بداتە بەغدا و لەوێوە مووچەیان بدرێتێ، بەڵام بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەرێمی كوردستان پابەندنەبوو بە پێدانی خشتەكە، بۆیە ئەو بڕگەیە لە بودجەی ٢٠١٨ لابرا كە بەغدا پارەی پێشمەرگە بدات.

لەبارەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، یان ناردنی لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاشكرایكرد، كە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبووەتەوە، بەڵام لە بودجەی ٢٠١٩دا ئەوە هاتووە كە پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، لە پێشتریشدا هەر وا رێككەوتبوون، بەڵام هەرێمی كوردستان نەچووە ژێرباری ئەو رێككەوتنە، بۆیە بێبەشكرا لە پشكی تەواوی بودجەكەی، بەڵام ئەگەر هەرێم ڕازیبێت بە ناردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە، ئەوا پشكی هەرێم هەرچەندێك بێت لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت.

لەبارەی بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی نەوتی كەركوك ببۆ ئێران، ئەو پەرلەمانتارە وتی: نەناردنی نەوت بەشێکە لەو گەمارۆیەی کە ئەمریکا خستویەتیە سەر ئێران، بۆیە نەوتی کەرکوک لە مانگی داهاتوودا لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە و بە بۆرییەکانی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پێشی وایە كە گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كاریگەریی خراپی دەبێت و كەلوپەلی ئێرانی بە تەواوەتی نایەنە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆیە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە گشتی تووشی جۆرێك لە قەیران دەبن.

ش.ف