سکاڵا دژی حکومەت تۆمار دەکرێت

بێبەشکراوانی بیمەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سکاڵا دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن و داوای دابەشکردنەوەی مووچەکانیان و قەرەبوو دەکەن.


ئەمڕۆ، بەهادین عەبدوڵا، بە نوینەرایەتیی ئەو کەسانەی، کە پێشتر لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بیمەیان وەردەگرت و لە ساڵی ٢٠١٥-وە بیمەکەیان بڕدراوە، لە دادگای کارگێڕیی هەولێر سکاڵای دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد.

بەهادین عەبدوڵا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیەکی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: توێژێكی ئەم كۆمەڵگەیە كە پێكهاتوون لە کەسانی پەككەوتە، بێوەژن، و منداڵی بێ باوك و ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان لە زینداندایە، مووچەیەكی 150 هەزاردینارییان بۆ بڕابووەوە، بەڵام لە ساڵی 2015وە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی یاسایی و شەرعیی، ئەو بیمەیەی بڕیوە، ئەوەش بووە هۆی بێبەشبوونی ئەو هاوڵاتیانە لە سەرەتاییترین مافی هاوڵاتی بوونیان لەم هەرێمە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو، کە "دەیانجار داوا لە حكومەتی هەرێم كراوە دەست بكاتەوە بە دابەشكردنی بیمەی ئەو توێژە، بەڵام خۆیان لێ كەڕ كردووە و كاری لەسەر ناكەن" بۆیە ئەوان ئەمڕۆ وێڕای ئەوەی كە سكاڵای یاساییان دژی حكومەت لە دادگای كارگێڕی تۆمار کرد، چەند داواكارییەكیشان خستەڕوو.

لەناو داواکارییەکاندا هاتووە: دەستبەجێ بیمەی چاودێریی خێزان دابەش بكرێتەوە و سەرجەم مووچە فەوتاوەكانی ئەم توێژە بگێڕدرێتەوە و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی قەرەبووی مەعنەوی ئەو توێژە بكەنەوە.

ش.ف