سیستمی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەوروپا دەخرێتە گەڕ

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە کە 'ئینستکس' سیستمی بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپا، لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەخرێتە گەڕ.


ئەمڕۆ، فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە برۆکسل ڕایگەیاند:"باوەڕی تەواوم هەیە کە سیستمی بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپا 'ئینستکس' ئامادەی وەگەڕخستنە، هیوادارین بە خستنەگەڕی ئەم سیستمە، ئێران بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنەکە پابەند بمینێت".

ئەم قسانەی موگرینی لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران بەڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی وتووە، ئەو دەرفەتەی درابوو بە وڵاتانی ئەوروپی بۆ جێبەجیی کردنی بەڵێنەکانیان لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، سبەینێ کۆتایی پێدێت و ئێران دەستدەکات بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئینستکس” کە ناوی ئەو سیستمەیە، بە دانانی چەند مەرجێک لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ ئێران ئاکامەکەی بوو بە سازانی ئێران و ئەوروپا بۆ لەسەر ئەوەی پارەی شمەکی هەناردەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ سندوقێک، کە لە یەکێتی ئەوروپا دانراوە و ئەو پارەیە بدرێت بە خۆراک و دەرمان و بگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر سیستمە بانکییەکانی ئێران بەو ئامانجەی  ئێران دەستی بە پارە ڕانەگا و نەیخاتە خزمەت بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی.

ش.ف