سیستمی ناهاوسەنگ؛ ڕەوی سەرمایەدار و داگیرکردنی بازاڕ

کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی داخرانی کارگە ناوخۆییەکان و ڕەوکردنی سەرمایەدار و بازرگانەکاندایە، بەشێک لە سەرمایەدارەکان سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەجێگەی ئەوانیش سەرمایەی بیانیی بازاڕەکانی هەرێم داگیردەکات و گرانیی بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت.


بەمدواییانە لە هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بابەتانەی کە بووەتە کێشە قەیرانی ئابوورییە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەرێم دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئابووریی و دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی پڕبکاتەوە، بەڵام ئەو سیستمە ئابوورییەی کە دامەزرێندراوە، ڕێگربووە لەوەی سەرچاوە ئابوورییەکان بکەوێتە خزمەتی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا، لەلایەک کۆمەڵێک دەوڵەمەند دەبن و زۆرینەی کۆمەڵگەش لێی بێبەش دەبن.

بەهۆی نەبوونی ئەو هاوسەنگییەوە، زۆرێک لە کارگە ناوخۆییەکان دادەخرێن:

بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانییەوە دەستیکەوتووە، تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ٩٥٩ کارگەی ناوخۆیی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ٤٦٢ کارگەیان لەکارکەوتوون، کە دەکاتە ٤٨%ی کۆی کارگەکان.

ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی ئاماری کۆی گشتیی ژمارەی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی ئەو کارگانەی کە داخراون، پەیوەندیی بە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون ئامارەکان بە ڕۆژنیوز بدەن.

محەمەد جەبار، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز، باس لە هۆکارەکانی داخستنی کارگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات و دەیانکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان گرفتی ناوخۆیی و بەشێکی گرفتی دەرەکیی، لەبارەی گرفتە ناوخۆییەکانەوە دەڵێت: کرێی زەوی، کارەبا، ئاو و سووتەمەنی لەسەر خاوەن کارگەکان زیادکراوە، ئەمانە بووەتە هۆی قورسبوونی ئەرکی خاوەن کارگەکان.

لەبارەی هۆکارە دەرەکییەکانیشەوە، محەمەد جەبار، باس لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی دەکات و دەڵێت: هێنانی کاڵای کوالێتی نزم بەڕێژەیەکی زۆر لە دەرەوە، هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی کاری کارگەکانە، چونکە ئەوان پاڵپشتییەکی باشیان لەلایەن وڵاتەکانی خۆیانەوە هەیە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی کە کارگەکانی ئێمە نەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

لەلایەک کارگە ناوخۆییەکان دادەخرێن، لەلایەک ئەوانەشی کە سەرمایەیان دەستدەکەوێت، هەوڵی بردنە دەرەوەی سەرمایەکانیان دەدەن بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێک لەوانە ئەوانەن کە قەرزیان لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە و قەرزەکانیان نەداوەتەوە، بەشێکیشیان بەهۆی بێ متمانەیان بە بارودۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان وەک یەدەگ دەبەنە دەرەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان سەدان ملیۆنەر و زیاتر لە ٢٥ ملیاردێری دۆلار هەن، کە زۆرینەیان سەرمایەکانیان لە پرۆژەی بازرگانیی و وەبەرهێناندا لە هەرێم خستووەتە گەڕ.

لە ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێم بڕی دوو ترلیۆن دیناری داوە بە کۆمەڵێک لە وەبەرهێن و سەرمایەدارەکان بۆ ئەوەی پرۆژەی جیاجیا دابمەزرێنن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو قەرزانەدا تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە سەرمایەدارەکان قەرزەکانیان بۆ حکومەت نەگەڕاندووەتەوە و سەرمایەکانیشیان دەبەنە دەرەوەی وڵات، ئێستا حکومەتی هەرێم دەیەوێت بە بڕیارێک فشار بخاتە سەر سەرمایەدارەکان بۆئەوەی قەرزەکانیان بگێڕنەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ٨ی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەوەی کە هەرکەسێک قەرزی حکومەتی لابێت، گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە دەکرێت.

هەرچەندە هەتا ئێستا ئامارێکی دروست کە ژمارەی ئەو سەرمایەدارانە دەربخات کە چوونەتە دەرەوە لە بەردەستدا نییە، بەڵام سەرچاوە تایبەتەکەی ڕۆژنیوز دەڵێت: هەندێک لە سەمایەدارەکان پێش چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەیانەوێت کوردستان بەجێبهێڵن، هەندێک لە سەرمایەدارەکانی دیکەش بەهۆی بێ متمانەییان بە حکومەت و دۆخی هەرێم، بۆ دانانی گەرەنتییەک دەچنە دەرەوە، بەشێوەیەک ئەگەر دەوڵەمەندێک ١٥ ملیۆن دۆلاری هەبێت دوو ملیۆن دۆلاری دەباتە دەرەوە وەک یەدەگ.

لە ماوەی ڕابردووشدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کورستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا لەسەر پرسی کۆچی کارگەکان ئەو بارودۆخەی بە مەترسیدار ناوبردبوو، ئەوەشی خستبووەڕوو، کە به‌شێکی زۆری کارگه‌کانی هه‌رێم ڕوو له‌ باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌که‌ن و به‌شێکی دیکه‌شیان به‌رنامه‌یان داناوه‌ کارگه‌کان بگوازنه‌وه‌.

عەلی حەمەساڵح، هۆکاری سه‌ره‌کی "ئه‌م داڕووخانه‌" بۆ "سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم" دەگێڕێتەوە به‌ پشتیوانی نه‌کردنی به‌رهه‌می نارخۆ و گرانکردنی کاره‌با و دابیننه‌کردنی سووته‌مه‌نی و پشتیوانی نه‌کردنی به‌رهه‌می ناوخۆ به‌رامبه‌ر کاڵای ده‌ره‌کی.

دەبارەی لێکەوتەکانی داخرانی کارگەکان و چوونەدەرەوەی سەرمایەدارەکان، بەڕێوبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی دەڵێت: داخرانی کارگەکان هەم کاریگەریی لەسەر نەمانی هەلی کار هەیە، هەمیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا، چونکە هەتا بەرهەم زیاتربێت نرخ نزمتر دەبێت، ئەگەریش بەرهەم کەمبوو نرخیش بەرزدەبێتەوە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەش، ڕۆژی ٢٧ی ئابی ئەمساڵ ڕێکخراوی خاوەن کارگەکانی کوردستان لەڕێگای یاداشتێکەوە، پەنایان بردە بەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و داوایان لێکردن، کە داواکارییەکانیان بەهەند وەربگیرێت، "بۆ ئەوەی چیدی خاوەن کارگەکان و سەرمایەدارەکانی کوردستان بیر لە گواستنەوەی سەرمایەکانیان نەکەنەوە".

بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییە و پێشگرتن بە ڕەوی سەرمایەدارەکان و داخرانی کارگە ناوخۆییەکان نەنراوە، ئەوەشی لەم نێوەندەدا بە زەرەمەندی یەکەم هەژماردەکرێت هاوڵاتیانن، چونکە بەرهەمی خۆماڵیی بەهای نامێنێت و لەجێگایدا کۆمپانیا بیانییەکان بازاڕەکانی هەرێم داگیردەکەن و نرخ لەسەر هاوڵاتیان بەرزدەکەنەوە.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار کۆمپانیای بیانیی لقیان هەیە، نزیکەی نیوەی کۆمپانیا بیانییەکانیش تورکین، ئەو کۆمپانیایانە زیاتر لە بوارەکانی پیشەسازیی، وەبەرهێنان، خۆراک، سووتەمەنی، مۆبیلیات و بیاناسازیدا کاردەکەن.

ک.س