سەری قووچە و بنی پووچە

بەشی زۆری ناوەندی شار، شوێنە دیارەییەکان، سیتییەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سلێمانی لەلایەن شارەوانییەوە بە ڕێکوپێکی خاوێن دەکرێنەوە، بەڵام گەڕەکە هەژارنشین و دوور لە ناوەندی شار و قەراغی شار بوونەتە جێی زبڵ و خاشاک و هەڕەشە لە تەندروستیی هاوڵاتیان دەکات، وەک پێشینان دەڵێت: "سەری قووچە و بنی پووچە" یان "بەڕواڵەت تێمەکەوە".


ناوەندی شاری سلێمانی و زۆرێک لەو شوێنە گەشتیارییانەی کە هاوڵاتیان سەردانی دەکەن، چونکە ناوچەی بازرگانیین، جوان و پاک نیشاندەدرێن و لەلایەن کارمەندانی شارەوانییەوە پاک دەکرێنەوە، بە تایبەتی شەقامی ٦٠ مەتری، سەهۆڵەکە و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە.

هەروەها چەندین سیتی هەن کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پاکدەکرێنەوە، کە ئەو پاک وخاوێنییە تەنها ناو سیتییەکان دەگرێتەوە و دوو مەتر ئەولاتری ناگرێتەوە.

بەڵام کاتێک دەچێتە ناو گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی و ناوچەکانی قەراغی شار بە تایبەت کە بینایەکی حکومییان تێدا نەبێت، کۆمەڵە زبڵ و خاشاکەکان، زبڵی پاشماوەی خانووە تێکدراوەکان، شتومەکی خراپبووی دووکانەکان، زبڵی ماڵەکان و لاشەی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان دەبینرێن، کە هەم هەڕەشەیە لەسەر تەندروستی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە و هەمیش ژینگەی ناوچەکە تێکدەدات.

 

تەنها وەک نمونە ئەو گەڕەک و ناوچانەی پاک ناکرێنەوە و زبڵ و خاشاک تێیاندا کۆبووەتەوە لە نێوان شاری سپی و گەڕەکی زێڕینۆکی شاری سلێمانی بۆ نمونە نیشان دەدەین.

کاتێک لە شاری سپی بەرەو گەڕەکی زێڕینۆک دەچیت، ناوچەیەکی ئاوەڵا دەبینیت کە پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک، کە دانیشتوانی گەڕەکی زێڕینۆک ڕۆژانە هاتووچۆی لێوە دەکەن، هەروەها بەهۆی هاتنی بەهارەوە کاتێک دەیانەوێت هەناسەیەک بدەن دێنە دەرەوە و بە ناچار ئەم شوێنە هەڵدەبژێرن.

 

زبڵ و خاشاکەکان، زبڵی پاشماوەی خانووی تێکدراوەکان، شتومەکی خراپبووی دووکانەکان، زبڵی ماڵەکان و لاشەی ئاژەڵە مردارەوەبووەکان لەو شوێنە کۆبووەتەوە، بەڵام چونکە کەشوهەوا هێشا گەرم نەبووە، کارییگەرییەکەی دەرنەکەوتووە، کە ئەگەر پاکنەکرێنەوە ڕێگە بۆ نەخۆشییەکان دەکاتەوە.

شاری سپی کە دەکەوێتە نێوان گەڕەکی کانی با و زێڕینۆک هەمان کێشەی هەیە، لەناو سیتییەکە گرنگی بە پاک و خاوێنی دەدرێت (چونکە پارەیەکی زۆر بۆ خزمەتگوزاری لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت)، بەڵام بایەخ بە دەوروبەرەکەی نادرێت و نابینرێت، وەک ئەو پەندە پێشینانەی لەباکووری کوردستان دەڵێت: "سەری قووچە و بنی پووچە" یان بەڕواڵەتی تێمەکەوە، واتا ڕواڵەتی سیتی و بەشێک لە شەقامەکان کە خاوێن بوون مەرج نییە هەموویان وابن.

لە پشتی دیوار و تەلبەندەکان هەمووجۆرە خاشاکێک هەیە، کە بە کۆبوونەوەی پیسییەکانیان و هاتنی هاوین، کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان بە تایبەت ئەوانەی ماڵیان لە نزیک دیوارەکان دایە دروست دەکات.

لە بەردەم خوێندنگای شاری سپی، باخچەیەکی منداڵان و خوێندنگایەکی ئامادەیی کچان هەیە، کە هەمان دیمەنی ناشیرین لەوێش دەبینرێت، کە مەترسییە لەسەر تەندروستی منداڵان و خوێندکاران و کاریگەری لەسەر داهاتوویان دەکات.

ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە گرنگییەک بە ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتیان نادرێت و تەنها بۆ جوان نیشاندانی دیمەنی شارەکە و بازرگانی هەندێک لە گەڕەکەکان پاکدەکرێنەوە، زۆرێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و ئەو گەڕەکانەی لە قەراغی شاردان لە خزمەتگوزارییەکان بێبەشن.

سەرنجڕاکێشە کە سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان هەمیشە پارەی خزمەتگوزاری دەدەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەم خامساردییە ناڕەزایەتییەکی توندنیشان نادەن و تەنها حەوشە و بەردەم ماڵی خۆیان پاکدەکەنەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ژینگەی سلێمانی لە شاری هەولێر باشترە، وەک ڕۆژنیوز، پێشتر بابەتێکمان لەسەر پێسبوونی ناوەندی شاری هەولێر بڵاو کردبووەوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشییەکانی دیکە، خۆپاراستن و پاکوخاوێنی ژینگە بەسەرماندا دەسەپێنێت، چونکە ئەگەر ژینگە تێکبچێت، تەندروستیی مرۆڤەکانیش لەگەڵیدا تێکدەچێت.

ک.س