سەرەڕای قەیرانەکان هاوڵاتیان ئامادەکاریی بۆ جەژن دەکەن

جەژنی ڕەمەزان نزیکبووەتەوە و هاوڵاتیان سەرباری قەیرانی دارایی، ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە جەژن دەکەن، بەڵام نایشارنەوە کە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا، ناتوانن بەپێی پێویست پێداویستییەکانیان دابینبکەن.


هێشتا قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بەرۆکی هاوڵاتیانی بەرنەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەژنی ڕەمەزان نزیکبووەتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان و دوکاندارانی شاری سلێمانیش لەبارەی ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە جەژنەوە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شوناس خالید، هاوڵاتییەکەو بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستیی سەردانی بازاڕی کردبوو، لەبارەی ئامادەکارییەکانی جەژنەوە دەڵێت: ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی ڕەمەزان وەک جەژنەکانی پێشوو نییە، چونکە قەیرانی دارایی کاریگەری کردووەتە سەر هەموو لایەک و بەپێی پێویست ناتوانرێت پێداویستییەکان دابینبکرێت، زۆرێک لەم کێشانەش دەگەڕیتەوە بۆ خودی خەڵک، کە دەنگ دەدەن بە کەسانێک کە هەوڵی گۆڕانکاری نادەن.

کڕیارێکی دیکە بەناوی ڕۆژان جەبار، وتی: سەرەڕای قەیرانەکان بەڵام لە لایەن خەڵکەوە هەر جەژن پیرۆز دەکرێت، ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کەشێکی سەقامگیر هەبێت، چونکە خەڵکانی نابەرپرس وایانکردووە بە هۆی سیاسەتکردنی هەڵەوە ژیانی خەڵکی ڕوو لە خراپی بکات، هیواخوازین دۆخی باشور باش ببێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە، سەفین ڕەفیق، دوکاندار لە بازاڕی سلێمانی وتی: بازاڕ لەچاو ساڵانی پاردا زۆر کز بووە و شکستی خواردووە، ناتوانین هەموو بابەتێک بۆ فرۆشتن بێنین، بەتایبەت ئەو چینەی کە مووچەخۆرە بە هۆی پێنەدانی مووچەکانیان ناتوانن بێنە بازاڕ و کاریگەری کردووەتە سەر ئێمەش.

ئەو دوکاندارە دەڵێت: گەندەڵییەکانی حکومەت هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخەیە و ئەو دەنگدانەش بە هۆکاری تەزویرکردنی زۆر ئەنجامەکەی دیاربوو و هیوایەکیش نەماوە بەم حکومەتە.

ب.ل