سەوزەی ناوخۆیی لە سلێمانی ٨٥٪ پێداویستی بازاڕ دابین دەكات

بەرهەمی سەوزەی ناوخۆیی لە سلێمانی ٨٥٪ پێداویستی بازاڕ دابین دەكات، داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە هاوردەكردنی پەتاتە قەدەغە بكات.


ئاستی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی ٨٥٪ پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و لەو بڕەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی تری عێراق دەكرێت, قائیمقامی سلێمانی دەڵێت گرنگی  تەواو بە بەروبومی ناوخۆیی دەدەن و داواش لە جوتیاران دەكات پارەی "عمولە" نەدەن.

ئەمڕۆ، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیارییكردنی هاوسەنگی بەروبوومی سەوزە و میوە  لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەت، لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندووە، کە بە ئامانجی زیادكردنی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی پاڵپشتی زیاتری جوتیاران و پرۆژە خۆماَلییەكان دەكەن.

قائیمقامی سلێمانی، جەختیکردووەتەوە، وەك هاوكارییەك بۆ جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بڕیاری وەرنەگرتنی "عمولە" لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت، هەر نووسینگەیەكی كشتوكاڵییش پارە لە جوتیاران وەربگرێت ڕووبەڕووی سزا دەكرێتەوە.

ئاماژەی  بۆ ئەوەشكردووە، بڕیارەكە كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر دروستبوونی جموجوڵ و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی جوتیاران لە عەلەوەی سلێمانی.

ئەوەش هاتووە: بەپێی ئەو ئامارانەی، كە لە عەلوە سلێمانی تۆمار كراوە لەم مانگەدا ١٠٠ هەزار تۆن سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی ساغكراوەتەوە كە لەو بڕە ٨٥٪ بەرهەمی سەوزەی ناوخۆیی و ٣٠٪ بەرهەمی میوەی ناوخۆیی بووە.

هەروەها، ڕزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاندووە: بەرهەمەكانی" تەماتە، خەیار، كولەكە و باینجان"ی خۆماڵی تا كۆتایی مانگی ١١ بەتەواویی پێداویستی بازاڕ دابین دەكات.

دەربارەی بەرهەمی پەتاتەش وتویەتی: لە مانگی داهاتوودا بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆیی پێدەگات و نزیكەی"٧-١٠" هەزار تۆن پەتاتەمان دەبێت، كە بەتەواویی پێداویستیی بازاڕ دابین دەكات، لەبەرئەوە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەكەین لە مانگی داهاتووەوە هاوردەكردنی پەتاتە قەدەغە بكات.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا و دەربارەی پێگەیشتنی بەرهەمی میوەی خۆماڵی ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، بەهۆی پێگەیشتنی بەشێك لە جۆرەكانی میوە بە "تایبەتی هەنار" بەرهەمی میوەی خۆماڵی بەشێكی زۆری پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و باج دەخرێتەسەر ئەو بەروبوومانەی كە لەناوخۆی هەرێم بەرهەم ناهێنرێن. 

ش.ف