سەوزە بەناوبانگەکەی گەرمیان زیانی زۆری بەرکەوتووە

لە ئەمساڵدا بەهۆی زۆری باران و تەرزە و سەرماوە، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەرهەمی سەوزە زیانی بەرکەوتووە و بەشێک لە کێڵگەکان لەناوچوون و بەشێکیشیان توشی نەخۆشی هاتوون، ئەمەش وایکردووە بەرهەمی سەوزە کەمببێتەوە و نیگەرانی جوتیارانی لێکەوتووەتەوە.


سنووری ئیدارەی گەرمیان چ لە ڕووی ئاووهەوا و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەرییەوە، بۆ چاندنی سەوزە گونجاوە و بەرهەمی سەوزەی گەرمیان ناوبانگی تایبەتی هەیە و لە بازاڕدا بەباشترین جۆر ناوزەد دەکرێت و هەناردەی بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆری باران بارین و تەرزە و سەرما بەرزی ڕێژەی شێ-وە، زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەو بارەیەوە بەشێک لە جوتیارانی سنوورەکە و بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

دیار عەزیز جوتیارێکی سنورەکەیە و خاوەنی کێڵگەیەکی سەوزەیە، دەڵێت بەهۆی باران بارین و تەرزەی زۆر و دواکەوتنی سەرما و کەمی تیشکی خۆرەوە سەوزە زیانی زۆری بەرکەوتووە، "سەوزەی کەلار، بە تایبەتی گردەگۆزینە سەوزەیەکی ئاوپاکە و بەناوبانگە، بۆ هەموو شارەکانیتری کوردستانیش دەنێررێت، جگە لە شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری گەرمیان بۆ بازاڕەکانی سلێمانی و هەولێریش دەنێررێت".

دیار دەڵێت "ئێمە ساڵانە هەموو جۆرەکانی سەوزە دەچێنین، بەڵام ئەمساڵ بەگشتی بەرهەمەکەی خراپ بوو، بەشێکی لەناوچوون و  بەشێکیشیان دوای سەوزبوون و گەورەبوونیان نەخۆشدەکەون و دەگەنن و بەکەڵکی بازاڕ نایەن و فڕێدەدرێن".

شادییە حسێن بەڕیوبەری بەڕیوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان لەو بارەیەوە، وتی: ساڵی پار بارانێکی زۆر باری و بەرهەمی دانەوێڵە لە ئاستێکی زۆرباشدابوو، بەڵام بەهۆی ئەو باران بارین و تەرزەی زۆرەی ئەم مانگانەی دوایی زیان و زەرەری زۆر بەر بەرهەمی سەوزە کەوتووە، بەشێکیش لە جوتیاران لە ژێر پلاستیکدا بە شێوازی تونێل چاندن دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شێوازەش بەهۆی زۆری شێوە زیانی بەرکەوتووە و زۆربەی جوتیاران بەرهەمەکانیان فەوتاوە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جوتیاران لە مانگی یەکەوە دەستدەکەن بە چاندنی شەتڵی سەوزە، هەموو ساڵێک پێش وەرزی هاوین بەرهەمی سەوزەیان دەبێت لە بازاڕدا، بەڵام ئەمساڵ ئەو بەرهەمە نەبوو، "بۆیە لە ئێستادا جوتیاران جارێکیتر دەستیانکردووە بە چاندنی شەتڵ بۆ وەرزی هاوین، ئێمەش چ وەکوو بەڕێوبەرایەتی گەرمیان و چ وەکوو هۆبەی ڕێنمایی بەڕێوبەرایەتییەکەمان بەبەردەوامی سەردانی کێڵگەی جوتیاران دەکەین و ڕێنمایی و ئامۆژگاری کشتوکاڵییان پێدەدەین، و جۆری دەرمان و کیمیاویان بۆ دەستنیشان دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باشیان هەبێت".

س.ح