شارەزوور، بەرهەمهێنانی پەتاتە لە ٢٠٠ دۆنمەوە بۆ ٢٠ دۆنم دابەزیوە

وەرزی هەڵكەندنی پەتاتە لەدەشتی شارەزوور دەستیپێكردوە، جوتیارانیش داواكارن لەكاتی پێگەشتنی بەرهەمەكانیاندا حکومەت ڕێگە نەدات لەمەرزەكانەوە پەتاتە هاوردەی ناوخۆی هەرێم بكرێت بۆ ئەوەی جوتیارانی ناوخۆ زیانیان بەرنەكەوێت، بەهۆی باران بارینی زۆرەوە بەرهەمهێنانی پەتاتەش لەوسنورە لە ٢٠٠ دۆنمەوە بۆ ٢٠ دۆنم دابەزیوە.


پەتاتە یەکێکە لەخۆراکە ڕۆژانەییەکان و لەهەموو جۆرە زەوییەكدا ناچێنرێت، ئەو زەوییەیی تێیدا دەكرێت، دەبێت خۆڵەكەی زۆر نەرم بێت شیبكرێتەوە و نابێت زەویەكە ڕەق بێت، چونکە بەرهەمەکەی باش نابێت، جوتیارانی سنوری دەشتی شارەزووریش لە پارێزگای سلێمانی، ئەمساڵ كەمتر ڕوویان لەو بەرهەمە كردوە، چونکە باران بارینی زۆر ڕێگەی نەداوە زەوییەكانیان بكێڵن.

پەتاتە نزیكەی ١٠ جۆری هەیە، ئەوەی لەدەشتی شارەزور كراوە پێی دەوترێت "سامتا" كە لەگەڵ ئاو و هەوای كوردستان گونجاوە و زۆرباش دەردەچێت و ناوەكەی زۆر زەرد و جوانە بۆ خواردن تامی خۆشە، هەروەها پەتاتەی فەرەنسی و هۆڵەندیش لەو جۆرە پەتاتانەن کە لەگەڵ ئاو و هەوای كوردستان دەگونجێن.

چاندنی پەتاتە لەمانگی شوباتەوە دەست پێدەكات و لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەست دەكرێت بەهەڵكەندنی، هەروەها لەناوەڕاستی مانگی ئابیشدا پەتاتە دەكرێت ومانگی ١٢ هەڵدەكەنرێت و پێیدەوترێت پەتاتەی پایزە، هەروەها پەتاتەی هۆڵەندی، فەڕەنسیش لەلایەن جوتیارانەوە دەكرێت و بۆ یەك دۆنم زەویی بڕی یەك تۆن بنەتۆی پەتاتەی تێدەكرێت و ١٠ تۆن پەتاتە بەرهەمی دەبێت.

محەمەد عەبدوڵا، جوتیارێكی گوندی مەستەكانی دەشتی شارەزوورە قسەی بۆ ڕۆژنیوز، كردو وتی: باران بارینی زۆر ئەمساڵ دەرفەتی نەداوین زەوییەكەمان زۆر بكێڵین و زەویەكەی بۆ خۆش بكەین، هەرچەندە بەرهەمی پەتاتەكەمان زۆر جوانە، بەڵام بەرهەمی كەمە.

وتیشی: ئێستا وەرزی گەرمایە ئەو پەتاتەیەی هەڵیدەكەنین دەبێت بەزووی لایبەرین لەبەر خۆردا، ئەگەرنا بەخێرایی ڕەنگی سورو خراپ دەبێت، ئەگەر حكومەت ساردخانەیەكی هەبێت لەسنورەكەماندا ئێمەی جوتیار و حكومەتیش سودی لێوەردەگرین، بەهۆی نەبوونی ساردخانەوە ئەو پەتاتانەی هەڵیدەكەنین دەبێت بەهەر نرخێك بێت بەخێرایی بیفرۆشین.

ئەو جوتیارە بەتەمەنە باسی لەوەشكرد، کە ئاو و هەوای كوردستان زۆر لەبارە بۆ بەرهەمی پەتاتە، داواكارین لەحكومەت هاوكاریمان بكات، ڕێگە نەدات لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ئێمەدا پەتاتە لە وڵاتی توركیا و ئێران و مەرزەكانەوە هاوردەی ناوخۆی هەرێم بكرێت، ئەگەر حكومەت هاوكاریمان بكات بەتەنیا خۆم دەتوانم ١٠٠ تۆن پەتاتە بكەم لەدەشتی شارەزوردا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "ساڵانی ڕابردوو بنەتۆومان لە كوردستان دەكڕی یەك تۆنی بە ١٠٠٠ دۆلار، بەڵام ئێستا لەوڵاتی ئێران هاوردەی دەكەین و دەیكڕین یەك تۆن بنەتۆ و بە ٥٠٠ هەزار دینار، ئەوەش كەمتر لەسەر ئێمە دەكەوێت.

جوتیارانی دەشتی شارەزوور ساڵانی ڕابردوو بەدەست پەتاتەیان هەڵدەكەند و لە ڕۆژێكدا نزیكەی ٣ تۆن پەتاتەیان هەڵكەندووە، بەڵام ئێستا بەتراكتۆر و ئامێری كشتوكاڵی قەدی پەتاتەكە دەبڕن و هەڵی دەكەنن و ڕۆژانە نزیكەی ٥٠ تۆن هەڵدەكەنن، لەبازاڕدا نرخی یەك كیلۆ پەتاتە لەنێوان ٦٠٠ بۆ ١٠٠٠ دیناردایە.

سالار محەمەد، جوتیارێكی، گوندی مەستەكانە و دەڵێت: ئەگەر حكومەت هاوكاریمان بكات، لەپێدانی سەماد و دەرمان و بنتۆدا لەبری ئەوەی ٢٠ دۆنم بکەین دەتوانین ١٥٠ دۆنم پەتاتە بكەین، "وەك جوتیاران داواكاریمان ئەوەیە حکومەت ڕێگە نەدات لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ لەئێران و سوریا و مەرزەكانەوە پەتاتە بێتە هەرێمی كوردستانەوە، لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەزیادەوە بەشی هەرێمی كوردستان دەكات".

پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ دەڵێن: زەوی شارەزوور بۆ زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان گونجاوە و پەتاتە زیاتر لەزەوی لمیدا بكرێت زۆر باشترە، لەزەوی قوڕ چونکە لەوێدا زۆر بەباشی بەرهەم نایەت.

ئومێد ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی ڕێنمای لەبەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا ساڵی ڕابردوو ٢٠٠ دۆنم زەوی پەتاتە كراوە، بەڵام بەهۆی باران بارینی زۆرەوە لەئەمساڵدا زەوی كەشی نەهاتەوە ڕێژەكە كەمبۆتەوە بۆ ٢٠ دۆنم زەوی و جوتیاران كەمتر پەتاتەیانكردوە".

ئەوەشی وت: تائێستا هاوكاری جوتیارانمان نەكردوە بەپێدانی بنەتۆوی پەتاتە و پێدانی كۆت و سەماد، ئەویش بەهۆی نەبوونی پارە و قەیرانەوە ئەو بڕە پارە كەمەی دەستمان دەكەوێت، توانیومانە لەبواری سەمادو دەرمان بۆ قەڵاچۆكردنی سن و كوللـەو ئەو نەخۆشیە كشتوكاڵیانەی ڕوو لەناوچەكەمان دەكەن پارە خەرجبكەین، نەمان توانیوە ئاوڕ لەهەموو بەربوومەكان بدەینەوە.

سەبارەت بە ساردخانە لەعەلوەكاندا بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران وتی: هەرچەندە عەلوەی سلێمانی ساردخانەی تێدایە ئەویش بە بڕی پێویست نا، بەڵام عەلوەی سەیدسادق و هەڵەبجە، ساردخانەی تێدا نیە، ئەو بەرهەمەی دەیهێنن زۆر بەخێرای خراپ دەبێت ئەگەر نەیفرۆشن، بەو هۆیەشەوە زۆرجار جوتیاران ڕووناكەنە چاندنی پەتاتە چونكە بەرهەمێكە توانای هەڵگرتن و عەمبار کردنی نیە ئەگەر ساردخانەی باش نەبێت، وتیشی: لەزۆربەی وڵاتاندا بازرگانان و جوتیارەكان خۆیان ساردخانەكان دروست دەكەن بۆ پاراستنی بەرهەمەكانیان نەك حكومەت.

ک.س