شارەزوور، دروێنە دەستیپێکردووە بەڵام وەرگرتنی گەنم دەستی پێنەکردووە

لەگەڵ ئەوەی وەرزی دروێنەی گەنم لەدەشتی شارەزور دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا هیچ ڕێنماییەك ڕەوانەی سایلۆكان نەكراوە سەبارەت بەشێوازی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ و بەشێک لە جوتیارانیش گەنمەکەیان هەرزان فرۆش دەکەن.


جوتیارانی سنووری شارەزووری سەر بەپارێزگای سلێمانی، نزیکەی نۆ مانگە سەرقاڵن بە چاندنی گەنم و خزمەتکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، بەڵام لەئێستادا کە کاتی وەرزی دروێنەیە لەو سنورە، ئەگەر چی بەغدا بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ، بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی بڕی ١٢٨ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگرێت، بەڵام جوتیاران ڕووبەڕووی گرفتی ساغکردنەوەی بەروبوومەکەیان بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ ڕێنماییەك ڕەوانەی سایلۆكان نەكراوە سەبارەت بەشێوازی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

حاجی محەمەد محەمەد، جوتیارێكی گوندی موانی حەمەی حەسەنە لەدەشتی شارەزوور تێبینی لەسەر بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ هەیە و دەڵێت: "هەرچەندە ساڵانی ڕابردوو باران كەم دەباری، بڕشتی گەنم لەدەشتی شارەزوور زۆر باش بوو، بەڵام ئەمساڵ هەرچەندە بارانی زۆر باریووە بڕشتی گەنم باش نیە، بەشێكی نەخۆشی لێیداوە و بەشێکی تری هەور بردوویەتی، لەبەر ئەوە ئەمساڵ گەنم لە شارەزوور یەك و دەی بڕیوە (واتە یەك تۆن گەنم ١٠ تۆن گەنمی دەركردوە) ئەوەش ڕێژەیەكی كەمە بۆ گەنمی ئەم ناوچەیە.

ئەو جوتیارە باسی لەوەشكرد، تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێم، جوتیار دروێنەی گەنمەكەی دەكات نازانێت چی لێبكات، هەرچەندە بەشێكی جووتیاران گەنمەكەیان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكەن و بە نرخی هەرزان دەیفرۆشن بەبازرگانانی عەرەب، کە نرخی یەك تۆن گەنم لە نێوان ٣٥٠ بۆ٤٠٠ هەزار دیناردایە.

ئەو جوتیارە بڕواشی وایە بەرپرسانی هەرێم دەتوانن كێشەی جوتیاران چارەسەر بكەن، بەڵام "بەهۆی كێشە و ململانێی  سیاسی خۆیانەوە كێشەكەی ئێمەیان بۆ چارەسەر ناكرێت".

یەکێک لە جوتیارەکان دیکەی سنورەکە عومەرعەلی-ە کە جووتیارە لە گوندی گرێزەی دەشتی شارەزوورە و وتی: "ئەوەی نیگەرانی ئێمەی لێكەوتۆتەوە لەساڵانی ڕابردوو ئەوەبوو، حكومەتی عێراقی بۆ یەك دۆنم زەوی بڕی ٨٠ كیلۆ گەنمی لێوەردەگرتین، لەكاتێكدا دەبێت بۆ یەك دۆنم بڕی یەك تۆنمان لێوەربگرێت، چونكە زەوی شارەزوور یەك دۆنمی، یەك تۆن زیاتر بەرهەمی دەبێت، ئەوەش سوكایەتی حكومەتی عێراقە بەكورد و جووتیارانی دەكات، بۆ دۆنمێك بڕی ٨٠ كیلۆ گەنم وەردەگرێت، بۆ ئەمساڵ نازانین چۆن دەبێت، چونکە تائێستا ڕێنمایی بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەرنەکراوە".

 ئەو جووتیارە باسی لەوەشكرد، پارەی گەنمی سێ‌ ساڵمان لای حكومەتی عێراقە و ئەمساڵیشی هاتەسەر، ڕێژەیەکی کەم سایلۆ لێمان وەردەگرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەبازاڕی ڕەشدا بەنرخێكی كەم لەنێوان ٣٨٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دینار، بازرگانی عەرەب دەیكڕن و دەیبەن لەسایلۆكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕادەستی دەكەن بەڵام لەئێمەی وەرناگرن.

لە سنوری شارەزوور، ١٢١ هەزار و ٥١٨ دۆنم زەوی كشتوكاڵی دێم و بەراو هەیە، لەو ژمارەیەش ٧٢ هەزارو ١٩٣ دۆنمی دەكرێت بەكشتوكاڵ، لەکۆی ئەو ڕێژەیەش ڕووبەری ٦٢ هەزار دۆنم كراوە بەگەنم لەئەمساڵدا، جۆری ئەو گەنمانەی لەسنورەكەماندا دەچێنرێت بریتین لە گەنمی ئاراس، ئەدەنە، سلێمانی دوو، شەمسێ‌ و ئاڤانتۆ.

لای خۆیەوە عەبدولكەریم عارف، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارۆچكەی شارەزوور، ئەوەی خستەڕوو کە "ساڵانە دوای چاندنی گەنم لەڕێگەی لیژنەكانمان ڕووپێوی ئەو زەویانە دەكەین کە كراوە بەگەنم لەسەر ئەو ڕووپێوییە بڕی ڕادەستكردنی گەنم دیاریدەكرێت بۆ جووتیاران و ڕەوانەی سەروی خۆمانی دەكەین، بەڵام بۆ ئەمساڵ تائێستا هیچ ڕێنماییەكمان بۆنەهاتووە گەنم بەڕێژەی چەند و بڕی چەند لەجوتیار وەردەگیرێت".

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەشكرد، کە ماوەی چەندین ساڵە وەرگرتنی گەنم لەبەغداوە بە سیاسی كراوە وەك پێویست هاوكاری جووتیارانی كورد ناكرێت، وتیشی: تائێستا بڕیاری وەرگرتنی گەنمان بۆ نەهاتووە، تەنها بڕیاری ئەوەمان بۆ هاتووە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی بڕی ١٢٨ هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت، نرخەکانیش وەک ساڵی ڕابردوو وایە و تائێستاش دەستنەکراوە بەوەرگرتنی گەنم لە جوتیاران.

ک.س