شارەزوور، وەرزی پێگەشتنی ترۆزی و تەماتەیە

ئێستا وەرزی پێگەشتنی ترۆزی و تەماتەیە لە شارەزوور و بەو هۆیەوە چنینی تەماتە و ترۆزی لەشارەزور دەستی پێكردوە، كێشەی سەرەكی جووتیاران ئەوەیە بەرهەمەكانیان پارەی كەم دەكات و بۆیان ساغ ناكرێتەوە، حكومەتیش پلانی نیە بۆ ساغ كردنەوەی بەرهەمەكانی جووتیاران.


تەماتە و ترۆزی دوو بەرهەمی كشتوكاڵی هاوینەن و دەشتی شارەزووریش دەشتێكی بەپیت و گونجاوە بۆ بەرهەم هێنانی ئەم دوو بەرهەمە، ئەمساڵ نزیكەی ٤٠٠ دۆنم زەوی لە شارەزوور بە تەماتە چێنراوە، گرفتی سەرەكی جووتیاران ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكەیانە چونكە باشترین جۆری تەماتە لەنێوان 400 بۆ 600 دینار دەكات لە عەلوە-دا، زۆرجار نرخی فرۆشتنەكەی لە خەرجی بەرهەم هێنانەكە كەمترە و جووتیاران لەبری قازانج زیان دەكەن.

لە شارەزوور تەماتە سەرەتای وەرزی بەهار دەچێنرێت و لەسەرەتای هاویندا پێدەگات، ئەو جۆرەی كە بەرهەم دەهێنرێت تەماتەیەكی وردی پەمەییە كە بەتەماتەی كوردی نادەبرێت.

تەماتە پێویستی بەكەش و هەوای فێنك هەیە، ئەو زەویەشی تێیدا دەچێنرێت گڵەكەی ڕەشە گڵ بێت زۆرباشە و ناشبێت ئەو زەوییەی تەماتەی تێدا بەرهەم دەهێنرێت ساڵی پێشتر هەمان بەرهەم یان شوتی تێدا كرابێت، چونكە بڕشتەكەی باش نابێت.

ترۆزیی بەرهەمێكی وەرزیی هاوینەیە، بەپێچەوانەی تەماتە دەتوانرێت زیاتر لەزەوی دێمدا بەرهەم بهێنرێت و كەمتر ئاوی پێویستە بۆیە لەزەوی بەراودا بەكەمی دەكرێت و بەكەڵك نایەت، چونكە زەوی بەراو ترۆزییەكەی كرمۆڵ دەبێت و جوان نیە.

ترۆزی تەنها لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەرهەمەكەی ساغ  دەبێتەوە، هەناردەی هیچ شوێنێكی دەرەوەی هەرێم ناكرێت، ئەوەش وایكردوە زۆرجار نرخەكەی دابەزێت و هەندێك جاریش لەعەلوەكان هیچ بڕە پارەیەك ناكات.

ئێستا بەشێكی زۆری جووتیاران تەماتە بەسیستەمی دڵۆپە ئاو دەدەن بەم سیستەمە دەبێت لای نی كەم سێ‌ ڕۆژ جارێك ئاو بدرێت، هەندێك لە جووتیارانیش بەگۆڵ دەی چێنن و ئاوی دەدەن، ئەمەشیان لانی كەم پێنج ڕۆژ جارێك ئاودانی پێویستە، هەرچەندە خەرجییەكی زۆری تێدەچێت، سیستەمی دڵۆپە باش و ئاسانە بۆ جوتیاران و زەوییەكیش بەسیستەمی دڵۆپە ئاو بخاتەوە بژاری كەمتر دەبێت.

پیاوان بەیارمەتی ژنان بەرە بەیان لەخەو هەڵدەستن و دوای نوێژی بەیانی، دەڕۆنە ناو بێستانەكانیان، بۆ ئەوەی زوو لە چنینی ترۆزییەكە تەواو ببن و بەخێرایی بیگەیەننە عەلوە بۆ فرۆشتن، زۆرجاریش تا كاتژمێر 9:00 ی بەیانی (كاتی نانە درۆزنە) خەریكی ترۆزی چنین دەبن.

حەمە ئەمین ئەحمەد جوتیارێكی گوندی كەوچكتاش-ە لە سنوری شارۆچكەی سەیدسادق قسەی بۆ ڕۆژنیوز كردو وتی:"چاندنی ترۆزی لەسەرەتای مانگی نیسانەوە دەست پێدەكات و سەرەتای مانگی تەمموز پێدەگات ئەوكاتە دەست دەكەین بەچنینی".

وتیشی: ئەم ترۆزییەی ئێمە كردومانە موسڵیە، ترۆزییەكەی درێژە، لەفرۆشتندا وەك ترۆزی كوردی پارە ناكات، چونكە ترۆزی كوردی ناسكە، ئەم موسڵیە ترۆزیەكەی درێژە و لەعەلوە دەڵێن(عەزڵە)پارە ناكات، هەرچەندە بەرهەمیشمان باشە، بەڵام لەعەلوەدا پارە ناكات نرخەكەی لەنێوان ٣٠٠ دینار بۆ ٥٠٠ دیناردایە.

ژنانیش شان بەشانی پیاوان خەریكی چنینی ترۆزین بەهار محەمەد دانیشتوی گوندی كەوچكتاش لە شارۆچكەی سیدسادق دەربارەی كارەكەیان بۆ ڕۆژنیوز وتی:" ئێمەش وەك پیاوان لەكاتژمێر ٥:٠٠ی بەرەبەیانەوە لەماڵ دێینە دەر بۆ سەر كێڵگە و دەست بە ترۆزی چنین دەكەین، ترۆزییەكە ئامادە دەكەین بۆ عەلوە و دواتر یەكێك لە جووتیارەكان دەیبا بۆ عەلوە و ئێمەش دەگەڕێینەوە ماڵەوە.

بەهەمان شێوەی ترۆزی، تەماتە چنینیش پێویستی بە هەرەوەزی و هاوكاری هەردوو ڕەگەز هەیە، ئەو ژنانەی بەكۆمەڵ كاری چنینی تەماتە دەكەن، لەلایەن ژنێكەوە ئاگادار و كۆدەكرێنەوە پێی دەڵێن سەركار، ئەم سەركارە لەبری ئەو كارەی دەیكات بۆ ئامادەكردنی هەر كرێكارێك بڕی هەزار دینار لەجوتیارەكە وەردەگرێت.

نەجمە عەلی یەكێك لەو ژنانەیە شان بەشانی پیاوان كاری چنینی تەماتە دەكات، ئاوا باسی كارەكەی خۆی بۆ ڕۆژنیوز كرد، بەیانیان كاتژمێر ٤:٠٠ی بەرە بەیان لەماڵ بەڕێدەكەوین تا كاتژمێر ٥:٠٠ دەگەینە سەر كارەكەمان و دەست دەكەین بەچنینی تەماتە، ئەگەر یەك(تاق)واتە لەبەیانیەوە تاكاتژمێر ١١:٠٠ی نیوەڕۆ كاربكەین ١٥ هەزار دینارمان پێدەدەن، ئەگەر تاكاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەش ئیش بكەین بڕی ٢٥هەزار دینارمان پێدەدەن.

نەجمە، كە ماوەی ١٥ ساڵە شان بەشانی پیاوان كاردەكات، بەو كارەی تاڕادەیەك بژێوی خێزانەكەی دابین دەكات، وتی: دوای تەواو بونی تەماتەی شارەزور دەڕۆین بۆ پێنجوێن بۆ تەماتە چنین، چونكە تەماتەی ئەوێ‌ درەنگ پێدەگات و درەنگیش كۆتایی دێت بۆیە دەتوانین تا مانگی تشرینی دووەم -١١، لەوێش كار بكەین.

گورجی قادر ژنێكی دیكە بوو خەریكی چنینی تەماتە بوو قسەی بۆ ڕۆژنیوزكردو وتی:كاری تەماتە چنین زیاتر بەژنان دەكرێت، چونكە پیاوان دەڵێن پارەكەی كەمە و نایكەن، ئەم جۆرە ئیشانەش بۆ ئێمە زۆر باشە لەم كاتەدا بژێوی خۆمانی پێدابین دەكەین، زیاتر تەماتە دەچنین، هەرچەندە ئیشی خەیار چنینیش هەیە بیكەین، بەڵام لەم كاتەدا ئیشی تەماتە زۆرترە بیكەین.

سالار  ئەحمەد جوتیارێكی گوندی تەپەڕەشی سنوری شارۆچكەی سەیدسادق بوو سەبارەت بەجۆری ئەو تەماتانەی لەدەشتی شارەزووردا دەكرێت باسی لەوەكرد: لەشارەزووردا زیاتر ئەو جۆرە تەماتانە دەكرێت گەڵا دار بێت، ئێمەش دەگەڕێین بەشوێن ئەو تۆوانەدا تاقی كردنەوەی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بزانین لەگەڵ كەش و هەوای ناوچەكەماندا بگونجێت ئینجا دەچێنین، ئەو تەماتەی چاندوومانە(كوردی پەمەییە)ساڵانە خۆمان تۆوەكەی دەگرینەوە هەڵی دەگرین بۆ ئەوەی ئەو جۆرە تەماتەیە نەفەوتێت، هەروەها جۆرێكی دیكەی تەماتەمان چاندووە هەمان شێوەیە، بەڵام ئەو ڕەنگی سورە و ئەمەریكیە، جۆرێكی دیكەشمان ڕۆمایە، هەروەها تەماتەی شەمسیمان چاندووە بۆ یەكەمین جارە هێناومانە بڕشتیشیان باشە، نرخی تەماتەش بەپێی ڕۆژە خواستەكەی لەعەلوەدا دەگۆڕێت ٤٠٠ دینار بۆ ٦٠٠ دینار دەكات.

ئەو جووتیارە باسی لەوەشكرد، حكومەت هیچ هاوكاریەكمان ناكات، لەپێدانی پێداویستیە كشتوكاڵیەكاندا، لەكاتێكدا وەزارەتێكیش هەیە بەناوی وەزارەتی كشتوكاڵ.

عوسمان فەرەج بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەید سادق قسەی بۆ ڕۆژنیوز كردو وتی: وەك بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سەیدسادق پێشبینیمانكردبوو ڕێژەی چاندنی تەماتە لەئەمساڵدا زیاد بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی باران ڕێگەی نەدا چاندنی تەماتە لەكاتی خۆیدا دواكەوت، ئەوەی ڕەچاومان كردبوو ٦٠٠ دۆنم زەوی ئەمساڵ بكرێتە تەماتە، بەڵام ٤٠٠دۆنم كراوە بە تەماتە، ئێستاش كاتی پێگەشتنی تەماتەیە لەسنورەكەماندا.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەید سادق ئەوەشی خستە ڕوو، بەهۆی گۆڕانكاری كەش و هەوا تائێستا پلەی گەرمی ناوچەكەمان گونجاوە لەگەڵ بەرهەمی تەماتەدا، بەرهەمی باشیشی هەیە ئەمساڵ تائێستا هیچ  نەخۆشی و ئافاتێك لەناو تەماتەدا نیە.

د.ح