شاندێکی پۆڵەندی سەردانی سلێمانییان کرد

شاندێکی پۆڵەندی بەمەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە ئابورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، سەردانی یەکێتی هەناردە و هاوردەکانی سلێمانییان کرد.


ئەمڕۆ شاندێک لە وڵاتی پۆڵەنداوە سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی یەکێتی هەناردە و هاوردەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبووە.

پاش کۆبوونەوەکە شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هەناردە و هاوردەکانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: مەبەست لەو سەردانە بەهێزکردنی پەیوەندییە بارزگانییەکانی پۆڵەندا و هەرێمی کوردستان بوو، بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆسەر حکومەتی ئێران، وڵاتی ئێران کەوتووەتە قەیرانی ئابورییەوە و ناردنی ژمارەیەکی زۆر لە کاڵاکان لەوێوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەوەش وایکردووە کاڵا لە بازاڕەکانی هەرێمدا کەم ببێت و بەهای کاڵاکانیش بەرزببن، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەش دەبێت پەیوەندیمان بە وڵاتانی دیکەوە بەهێزبکەین، لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان هەوڵدەدەن پەیوەندی ئابوری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

جێگای ئاماژەیە، کە ناردنی هەندێک ماددەی خۆراکی وەک میوە، ئارد، برنج و هتد..، لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەوەش وایکردووە بەهای ئەو کاڵایانە لە هەرێمی کوردستان بەرزبێتەوە.

س.ح