شلێر خۆی و هاوسەرەکەی و چەند دەرچوویەکی زانکۆ دەخاتە سەرکار

هەڵکشانی تەمەنی و دوورە دەستی لە ناوەندی شارەکان، ڕێگرنەبوون لەوەی ببێتە خاوەن کارێکی خۆی، شلێر، لەناو شارەدێیەکەیان لەگەڵ هاوژینەکەی، پێنج مانگە دوکانێکیان کردووەتەوە و جیاواز لە فڕن و نانەواکانی شارەدێکەیان، بە ئاردی خۆماڵی کولێرە بەتەنووری تێدا ئامادە دەکەن، ئێستا ئەوان هەم خۆیان بوون بە خاوەن کار و هەمیش هەلی کاریان بۆ چەند دەرچوویەکی زانکۆ ڕەخساندووە.


شلێر، دانیشتووی شارەدێی حاجیاوای سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینە، خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە ڕوو دەکەنە دووکانەکەی و کولێرەی لێدەکڕن، ڕۆژانە کاتژمێر ۱۰ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە لە دوکانەکەیان کار دەکەن و هەر ڕۆژیکیش توانای ئامادەکردنی نزیکەی ٧٠٠ کولێرەیان هەیە و هیچی نامێنێتەوە.

شلێر ئەبوبەکر، تەمەنی ٥۲ ساڵە و پێنج سەر خێزانن سەبارەت بە بیرۆکەی کارەکەی وتی: کردنەوەی دووکانێکی بەوشێوەیە بیرۆکەی خۆم بوو، لە تەمەنی ۱٥ ساڵیەوە لە دایکمەوە فێری ئەو کارە بووم، لە ماڵ بێ کار بووم ڕۆژێکیان بە هاوسەرەکەم وت ئەگەر هاوکاریم بکەی بە نیازم دووکانێکی کولێرە بە تەنوور دابنێم و ئەویش هاوکاری کردم و ماوەی ٥ مانگە دەستمان پێکردووە و بازاڕی باشمان هەیە، ڕۆژانە ٦۰۰ بۆ ۷۰۰ کولێرە دەفرۆشین.

ئەو ژنە، جگە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خۆیی و هاوسەرەکەی هەلی کاریی بۆ چەند دەرچوویەکی زانکۆش ڕەخساندووە و لەوڕووەوە وتی: "جگە لە خۆم و هاوسەرەکەم سێ شاگردم هەیە، دوو لەو کچانە خوێندنیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندیان ئێستا لای من کار دەکەن و هەلی کاریان بۆ ڕەخساوە، کڕیارەکانمان زۆرن ڕۆژانە چەند کولێرە ئامادە بکەین نامێنیتەوە، بەڵام کارەکەی ئێمە زەحمەتی زۆرە بۆیە ناتوانین زیاتر لە ۷۰۰ کولێرە ئامادە بکەین".

شلێر، لە دووکانەکەیدا دوو تەنووری داناوە بۆ ئەوەی ئەگەر یەکێکیان سارد بووە ئەوەی دیکە بەکار بهێنێت، وەک خۆشی دەڵێت: خەڵک هەیە کاتێک لە هەولێر و سلێمانی سەردانی حاجیاوا دەکەن کولێرەکانی ئێمە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە هۆکارەش ئەوەیە کە کولێرەکانی ئێمە جوان و بەتامن، بۆیە خواستی زۆری لە سەرە و ٦ کولێرە بە هەزار دیناری عێراقیە.

ئەو خاوەن کارە، وتیشی: ئەگەر بەوجۆرە کاری ئێمە بەردەوام بێ و داواکاری کڕیار زۆر بن بێگومان لە هەوڵی گەورەکردنی پرۆژەکەمان بەردەوام دەبین و بەو هۆکارەش هەلی زیاتر بۆ ژنان دروست دەبێ، ئاماژەی بەوەشدا کە لە حاجیاوا تەنیا ئێمە کولێرەی بە تەنور ئامادە دەکەین و خواستی زۆری لە سەرە، چونکە بە تەنوور و خەڵوز ئامادە دەکرێت و ئاردەکەش ئاردی خۆماڵییە و ئاردی سفر بەکارناهێنین.

شلێر لە کۆتایی قسەکانیدا داواکاربوو لە هەموو خانمان لە هەر بوارێکدا کە تواناکانیان هەیە لەبری دانیشتن دەتوانن کار بکەن و هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ، نیگەرانیشبوو لەوەی کە حکومەتی هەرێم بۆ نانەواخانە و فڕنەکان بەشێک لە پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات، بەڵام هاوکاری ئەوان ناکات وهەموو پێداویستییەکان خۆیان دابینی دەکەن.

وەک کڕیارەکان باسی دەکەن کولێرە بە تەنور و دار، تاموچێژی جیاوازتری هەیە بەراورد بەو فڕن و نانەواخانانەی کە بە سوتەمەنی و کارەبا کاردەکەن، لەو ڕووەشەوە عەزیز ئەحمەد، کە کڕیارێکی بەردەوامی کولێرەکەی شلێرە وتی: هەموو ڕۆژێک لای دووکانی شلێرخان بۆ سێ ماڵ کولێرە دەکڕم، کولێرەکە زۆر بەتام و خۆشە لەبەرئەوەی بە خەڵووز و دار ئامادە دەکرێت تامێکی زۆر خۆشی هەیە و لە ڕووی تەندروستییەوە باشترە لە کولێرەکانی دیکە کە بە غاز ئامادە دەکرێن و دەستخۆشییان لیدەکەین.

ک.س