شوتییە بەناوبانگەکەی پێنجوێن ساغ نابێتەوە

شوتییە شیرین و بەناوبانگەکەی پێنجوێن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان-دا ساغ نابێتەوە و بە برە پارەیەکی کەم بە بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەفرۆشرێت.


زبریی، سوریی و شیرینیی، پەسن و تایبەتمەندیی شوتی پێنجوێنە و لەسەر ئاستی عێراق ناوبانگێکی باشی هەیە، کاتێک بەقاڵێک بانگ دەکات"شوتیی پێنجوێن" کڕیاران ڕوو لەو بەقاڵە دەکەن، بەڵام بەهۆی زۆریی بڕەکەیەوە، جوتیاران ناتوانن تەواوی بەرهەمەکەیان ساغ بکەنەوە.

شارۆچكەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، خاوەنی ٨٦ هەزار و ٥٤٩ دۆنم زەوی كشتوكاڵییە و نزیکەی پێنج هەزار کەس لە سنوورەکەدا کشتوکاڵ و بێستان دەکەن، بەروبومەکانیش بە شێوازی قەترە ئاو دەدەن.

زۆر جۆری بەرهەمی کشتوکاڵیی لە پێنجوێن بەرهەم دێت، ئیستاش وەرزی ڕنینی تەماتە و کاڵەک و شوتییە و بڕێکی زۆریان بەرهەم هێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی جوتیارانە، بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە و بە بڕە پارەیەکی کەم دەیفڕۆشن.

ڕەحمان شێخەدین، یەکێک لەو جوتیارانەیە و باس لەوە دەکات، شەش تۆن شوتیی بردووەتە بازاڕ، لە بەرامبەردا تەنها" ٣٠ هەزار دینار"یان پێداوە، لەکاتێکدا وەک خۆی باسی دەکات، بڕی "یەک ملیۆن دینار" خەرجیی هەبووە.

بەهۆی ساغ نەبوونەوەیان لە بازاڕەکانی هەرێمدا، جوتیارانی پێنجوێن شوتییەکانیان بە بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەفرۆشن، ئەویش وەک ئەو جوتیارە دەڵێت، بە کیلۆ نایکڕن، بەڵکو لەبڕە و پارەیەکی کەمییان دەدەنێ.

جوتیارانی پێنجوێن سەرەڕای دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ، هەلی کاریشیان بۆ کرێکاران ڕەخساندووە، کرێکارانی سنوورەکە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ لەماڵ دەچنەدەرەوە بۆ شوتی چنین، هەر گروپێک بۆ بارکردنی لۆرییەک شوتی دوو کاتژمێر کاردەکەن و لەبەرامبەریشدا ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها، بۆ هەر پیکابێک ١٥ هەزار دینار.

سامان كەریم، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی شارۆچکەی پێنجوێن-یش هۆکاری ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانی پێنجوێنی گەڕاندەوە بۆ زۆریی بڕەی بەرهەم لەم وەرزەدا، کە زۆر زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەم هەیە.

پیشتریش بەختیار مەلائەحمەد، وتەبێژی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وتبوو: لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە چەندین پێشنیار و پڕۆژەمان پێشکەش بە حکومەت کردووە بۆ دانانی بەڕاد (ساردکەرەوە) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە زیادەکان، بەڵام هەر وەڵام نەدراوینەتەوە یان نەبوونی بودجەی پێویست هۆکار بووە بۆ دابین نەکردنی بەڕاد.

سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات-یش، بەختیار مەلائەحمەد، وتی: وڵاتانی دراوسێ لەم وەرزەدا بەرهەمیان هەیە و پێویستیان بە بەرهەمی ئێمە نییە.

ش.ف