شوفێرانی شاری هەولێر نیگەرانن لە بەرزی نرخ و خراپی كوالێتی بەنزین

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە هەولێر هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ نزیکەی ٣٠ دینار زیادیکردووە، شوفێرانی شارەکەش نیگەرانن لەبەرزی نرخی بەنزین و خراپی كوالێتەكەی، داوادەكەن نرخەكەی هاوتای پارێزگاكانی تری عێراقی لێبكرێت، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە.


هەرچەندە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار بەڵێنی ئەوەیانداوە نرخی بەنزین دابەزێنن بۆ هەر لیترێک ٥٠٠ دینار، بەڵام وێڕای ئەوەی كە بەڵیێنەكەیان نەبردووەتە سەر نرخی بەنزینی نۆڕماڵیش بۆ زیاتر لە ٧٠٠ دینار بەرزبووەتەوە شۆفێرانیش نیگەرانن لەو نرخە زۆرە و خراپی كوالێتیەكەشی.


شۆفێرانی شاری هەولێر لەوبارەیەوە قسە بۆ ڕۆژنیوز دەکەن، فەرید هەمەوەندی، یەکێک لە شۆفێرانی تەكسییە لە شارەکە و ئاماژە بەوەدەكات كوالێتی بەنزین لە هەولێر زۆرخراپە و "مانگانە دوو تا سێ فیتپەمپی ئۆتۆمبیڵەكەم دەگۆڕم بەڕاستی نرخەكەشی زۆر بەرزە و داوا دەكەین نرخەكەی هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراقی لێبكریت كە لیترێک بە ٤٥٠ دینارە كوالێتەكەشی زۆر باشترە لەوەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان بە ٧٠٠ دینارە.

ڕزگار محەمەد، شوفێرێكی دیکەی شاری هەولێرە وبەنیگەرانییەوە وتی: بەخوا بەنزینەكە زۆر گرانە كوالێتەكەشی زۆر خراپە هەر ماوەیەك و فییتپەمپمان دەسوتێت، ڕەوانییە بەنزین لتری بە ٧٠٠دینار بێت، ئەوەتا لە شارۆچكەی پردێ لیتری بە ٤٥٠ دینارە و كوالێتیەكەشی زۆر لەوەی هەولێر باشترە، بۆیە داوا لەكار بەدەستان و بەپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین نرخ و كوالێتی بەنزین هاوتای بەغداد لێبکات کە بۆ هەر لیترێك ٤٥٠ دینارە .

لای خۆیەوە عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئێمە لە ڕێكەوتی ٢٤-٤-٢٠١٩ نوسراوێكمان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و داوامان كرد پارێزگای هەولێریش هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق، هەم بەنزین و هەمیش نەوتی سپی نرخەكەی هاوتای ئەوان بكرێت، كە بۆ هەر لترێك بەنزین بڕی ٤٥٠ دیناربێت، بۆئەوەی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمیش وەكو هاوڵاتیانی پارێزگاكانی دیکەی عێراق سودمەندبن لەو نرخە حكومییەی كە لە بوجەی عێراق دیاریكراوە .


وتیشی: لەسەر ئەو بنەمایە داوامان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە چاوێك بە بڕیارەكانیدا بخشێنێتەوە، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا و خۆشمان نوێنەرمان چۆتە بەغدا و چاودێری نوسراوەكە دەکەن لە ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش ڕەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق كراوە، هیوادارم لە كەمترین كاتدا وەڵامێكی باش و دڵخۆشكەر بۆ هاوڵاتیانی هەرێم وەربگرینەوە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هاوتای پارێزگاكانی دیکەی عێراق بكرێت.

بەپێی زانیاری ڕۆژنیوز، لە هەفتەی ڕابردوودا هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر دا بە ٦٩٠ دینار دەفرۆشرا، ئێستا بووەتە ٧٠٠ بۆ ٧٢٠ دینار، هەر لترێك بەنزینی موحەسەنیش لە نێوان ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ دینارە.

ک.س