شۆک دەرمانی و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران

بە دەستپێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابووریی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


لەکاتێکدا بانکی ناوەندی ئێران ڕێژەی فەرمی هەڵئاوسانی ئابووریی ئێرانی بە ١٥.٩% ڕایگەیاندووە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە ڕێژەی ١٥٠ بۆ ٣٠٠% دەکەن، سەرچاوەکەشییان بۆ ئەو ئامارە بازاڕە.

بەرزبوونەوەی بەهای کاڵا و خۆراک لە زستانی پارەوە و داکشانی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر بازاڕی ئێران و ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە، بە شێوازیک کە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە.

بازاری دۆلار لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەرزیی و نزمیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەم جارە و لە ناوەڕاستەکانی هاوینی ئەمساڵدا بەهای تمەن بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داکشا، بەجۆرێک کە هەر دۆلاری ئەمریکی بە ١٩ هەزارتمەن مامەڵەی پێکرا و دواتریش بۆ ئاستی ١٥ هەزارتمەن دابەزی و لەوێ جێگرکرا.

بەگوێرەی هەندێک لە چاودێران و ئابوورییناسان، ئەو هەڵئاوسانە بە مەبەست لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پێکهاتووە، بە بۆچونی ئابوورییناسان، حکومەتی ئێران بۆ پڕکرنەوەی سندووقی دراوی خۆی و هەروەها کەمکردنەوەی نەختینەی بازاڕ بە هاوکاریی بانکی ناوەندیی و مامەڵەکەرانی دراو دەستی داوەتە ئەو کارە.

ئابوورییناسان بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە ئاماژە بە کتێبێکی "نائۆمی کلاین" بەناوی "دۆکتۆڕینی شۆک" دەدەن، کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، لەو کتێبەدا باس لە شێوازێک بە ناوی "شۆک دەرمانی" دەکرێت.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە قۆناغەکانی شۆک دەرمانیی ئابووریی هەمان شێوازەکانی شۆک دەرمانیی دەروونی و سایکۆلۆژین، بەو شێوازە کە بە لێدانی شۆکێکی(لێدانی کارەبا) بەهێز دەرفەت بۆ وەشاندنی گورزی دووەم دەڕەخسێت، ئێران رێک لەو دۆخەدابوو، لە کاتێکدا خەڵک بە ململانێ لەگەڵ قەیرانە سیاسییەکانەوە سەرقاڵ بوون، بێ ئەوەی هەستی پێبکرێت بەها لە بازارەکان بەرزبووەوە، واتە هاوکات بەوەی خەڵک لە شۆکی سیاسی هاتنە دەروە لەوە تێگەیشتن کە گورزێکی ئابورییان لێدراوە.

ئامانجی دەوڵەتی ئێران لەو سیاسەتە ئابوورییانە دزینی پارە لە گیرفانی خەڵک و پڕکرنەوەی سندووقی دراو و تمەنی خۆیەتی، ئەوەش بە سیاسەتی شۆک مسۆگەر دەکات.

دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار زیاتر کاریگەریی دەکاتە سەر چینی خواروو و مامناوەندی کۆمەڵگا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی هەژاریی بەرز دەبێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی نەکردووەتە سەر سندووقی دراو و نەختینەی ڕیاڵی ئەو وڵاتە و بەدەستپێکردنی قۆناغی دووەمی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا تووشی گرفت نابن.

بەڵام ئەوەی دیارە، ئەمەیە کە خەڵکی ئێران زەرەرمەندی یەکەمی ئەو گەمارۆیانەن و پێشبینی دەکرێت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی گەمارۆکان، هەڵئاوسانێکی گەورە و لە ڕادەبەدەر ڕووبدات، کە بۆ ئابووریی ئێران کەمەرشکێن بێت، ئەوەش ناڕەزایەتیەکی زۆرتری لێبکەوێتەوە کە بێگومان دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، بەو جیاوازاییەوە  کە ئەمجارە قەیرانێکی سیاسیی گەورەتر لە ناوخۆی ئێران سازدەکات.

ش.ف