"شەو و ڕۆژێک ٤٠ بارهەڵگر هێلکە و دووگی قاچاخ لە ٢ مەرزەوە هاوردە دەکرێت"

سۆران عومەر ئاشکرای دەکاتە، کە ھەموو شەو و ڕۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە ٤٠ بارھەڵگر ھێلکە و دووگی قاچاخ هاوردە دەکرێت و بۆ ڕێگەپێدانیشیان ٥٠٠ ھەزار دۆلار وەک سەرانە وەردەگیرێت.


سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە نووسراێکدا، کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت:"دڵنیام لە من باشتر دەزانن چی لە مەرزەکان دەگوزەرێ!، دەزانن ئێستە گەڕاوینەتەوە ساڵی ١٩٩١ سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ و مس و فافۆن!".

لە نووسراوەەکەدا هاتووە:"بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەکانمان بانگێشتی پەرلەمان کردووە، دەڵێن ئێستە بە بازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکە و دووگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کەتێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە!".

سۆران عومەر، دەشڵێت:"ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکە و دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیە و دەسەڵاتدارە، باشیش دەزانن براو ئامۆزای کێن!".

هەروەها، دەڵێت:"دەزانن ھەموو شەو و ڕۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە ٤٠ سەیارەی بارھەڵگر ھێلکە و دووگ داخڵ دەکرێ بۆ ناوخۆ و خواروی عێراق!".

ئەو پەرلەمانتارە زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکات"بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە ١١ ھەزار دۆلار و بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ ٣٠ ھەزار دۆلار وەردەگرن! واتە شەوانە نزیک بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار واتە ٥٠ دەفتەر دۆلار وەردەگرن بۆ داخڵ کردنی ھێلکە و دووگ".

دەشڵێت:"تەنھا لەمانگی ٨ ی ئەمساڵ ١٢١٣ بەرھەڵگری ھێلکەیان داخڵ کردووە، کە ١٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە!، تەنھا لە ١/١٢/٢٠١٩ تاکو ئەمڕۆ ٧/١٢/٢٠١٩ تەنھا ٢٨٣ بارھەڵگر ھێلکەیان داخڵ کردووە".

سۆران عومەر بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەڵێت:"فەرموون ئەم فەزاحەت و پاشاگەردانیە ڕاگرن و ئەوەی مانگانە بەم کارە نایاساییە وەریانگرتوە لێیان وەرگرنەوە و دەستگیریان بکەن، ئەوەشی کارئاسانی بۆ کردون و رەشوەی وەرگرتووە، فەرموون دەستگیری بکەن و بیدەنە دادگا!".

بە تەنزیشەوە دەڵێت"ئەمە چاکسازی کابینەی نوێیە؟، ئەم فەزیحە و جەردەییە لە مەرزەکانی دیکەش وەک ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بونی ھەیە بەناو و شێوازی جۆراوجۆر!".

 

ش.ف