"عێراق دەیەوێت سکاڵاکەی لەسەر تورکیا بکشێنێتەوە"

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی لەسەر ئەو سکاڵایەی حکومەتی عێراق پێکهێناوە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لەسەر حکومەتی تورکیا تۆماریکردووە و داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبووی لێ دەکات، بەڵام ئەندامێکی لیژنەکە ئاشکرای دەکات، کە حکومەت عێراق هەوڵدەدات سکاڵاکەی بکشێنێتەوە.


ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ دۆسیەی سکاڵایەکی ساڵی ٢٠١٤ی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی پێکهێنا، کە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەسەر حکومەتی تورکیا و کۆمپانیای بۆتاش-ی تورکی تۆماریکردووە.

تا ئێستا لیژنەکە لە پێنج کەس پێکهاتوون، دوو نوێنەری لیژنەی دارایی و دوو نوێنەری لیژنەی نەوت و گاز لەگەڵ جوڵێنەری داوا پەرلەمانییەکە لە خۆدەگرن، هەرچەندە بڕیاریشە نوێنەری لیژنەکانی پەیوەندیی و یاساییش تێیدا جێبگرن، بەڵام هەتا ئێستا نوێنەریان بۆ دیاریی نەکراوە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە پشکی لیژنەی دارایی ئەندامە لە لیژنەکەدا، بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرایکرد، کە "هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کارەکانی لیژنەکە ڕابگیرێت، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا لیژنەکانی پەیوەندیی و یاسایی نوێنەری خۆیان لە لیژنەکەدا دیاریینەکردووە".

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئاشکراشیکرد:"حکومەتی عێراق دەیەوێت بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو کەیسە لە ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتیی بووەستێنێت، ئێمە دەمانەوێت بزانین هۆکاری وەستاندنی دانیشتنەکانی دادگا لەسەر ئەم کەیسە چییە، لەکاتێکدا عێراق داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا دەکات، ئایا هۆکار چییە واز لە ٢٦ ملیار دۆلار دەهێنن؟".

لە بارەی کارەکانی لیژنەکەشەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: ئێمە دەبێت ڕاپۆرتێک بنووسین و کۆمەڵێک ڕاسپاردەی تێدا بێت و بیدەینە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراقیش پەسەندی بکات، ئەوکات دەبێتە ڕاسپاردە بۆ حکومەتی عێراق.

 

وردەکاریی سکاڵاکە چییە؟

لە ساڵی ٢٠١٤ دا و لەسەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی، حکومەتی عێراق، لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیی سکاڵای لەسەر دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای بۆتاش-ی تورکی تۆمارکردووە، لەسەر ئەوەی دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای ناوبراو نەوتی هەرێمی کوردستانیان بێ ڕەزامەندی عێراق ڕەوانەی بەندەری جەیهان کردووە.

حکومەتی عێراق لە سکاڵاکەیدا، داوای ٢٦ ملیارد دینار قەرەبووی لە حکومەتی تورکیا کردووە، هەرچەندە بڕیاریشبوو ڕۆژی ٢٦ی نیسانی ئەمساڵ دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو کەیسە بەڕێوەبچووایە، بەڵام دواتر دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەپێی ماددەی ١١١ دەستوری عێراق، نەوت نەوتی هەموو عێراقە، هەروەها بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستوور نەوتی هەموو عێراق لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمپێیەش ئەگەر عێراق ئەو داوایە لە تورکیا بباتەوە، ئەوکات تورکیا ناچاردەکرێت بە پێدانی ئەو ٢٦ ملیارد دۆلارە بە حکومەتی عێراق.

پێشتریش سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکردبوو، کە "بەرپرسانی تورکیا ڕاستەوخۆ و بەڕاشکاویی بە عێراقیان وتووە، کە ئەگەر لەو کەیسەدا تورکیا ناچاربکرێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە، ئەوا یەک دۆلاری خۆیان نادەن و هەموو ئەو پارەیە لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن".

س.ح