عێراق لەمساڵدا ١١ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، عێراق بەراورد بە چوار مانگی ساڵی ٢٠١٩، لە چوار مانگی ئەمساڵدا ١١ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.


بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق – سۆمۆ، لە چوار مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، عێراق نزیکەی ٤٠٩ ملیۆن و ٩٦ هەزارو ٩٧٢ بەرمیل نەوتی بە نزیکەی ٣٨ دۆلار فرۆشتووە، کۆی گشتی داهاتەکەشی ١٥ ملیارو ٣٩١ ملیۆن و ٢٠١ هەزار دۆلار بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە ٤٢٣ ملیۆن و ٢٨٤ هەزار و ٤٨٩ بەرمیل کە بەنرخی زیاتر لە ٦٢ دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەشی ٢٦ ملیار و ٢٧٥ ملیۆن و ٢٨٣ هەزار دۆلار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی گەورە کاریگەری کردووەتە سەر ئابووری وڵات بەتایبەت کە لە مانگی چواردا بۆ کەمترین ئاست نرخەکەی دابەزی و بەراورد بە چوار مانگی ساڵی ڕابردووش، عێراق ئەمساڵ ١١ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

س.ح