"عێراق ١١ ترلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێرێت"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو، کە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر یەکجارەکیی نییە و بۆ یەک ساڵە، بەپێی ڕێککەوتنەکەش هەولێر لەبەرامبەر ناردنی ١١ ترلیۆن دینار لەو ساڵەدا، ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات.


سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە، لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی نەوت و بودجە، کە هێشتا واژۆی لەسەر نەکراوە، بۆ ڕۆژنیوز دوا.

سەرکەوت شەمسەدین ئەوەی خستەڕوو، کە ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ یەکساڵە و یەکجارەکیی نییە، "ئەوەش پەیوەستە بەو سکاڵایانەی کە عێراق و هەرێم لەدژی یەک هەیانە لە دادگای فیدراڵی".

ناوبراو، کە ئەندامی لیژنەی داراییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی:"پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەوە گرفتێکی دیکەیە، دیارنییە کە ئایا حکومەتی هەرێم کە پارتی دەستی بەسەردا گرتووە، پابەند دەبێت بە ناردنی ٢٥٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ عێراق یاخود نا".

سەرکەوت شەمسەدین، لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداوە وتی: هەولێر لەبەرامبەر ناردنی ١١ ترلیۆن دینار لە ساڵەکەدا، ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەداتە کۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها دەبێت حکومەتی عێراق هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان و کرێی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا پشکێک بۆ پێشمەرگە دادەنرێت، بەکۆی گشتیی مانگانە نزیکەی ملیاردێک دۆلار واتا ترلیۆنێک دینار لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان.

شاندی حکومەتی هەرێم بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا و لەبارەی کاریگەریی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرتۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو ڕێککەوتنە، سەرکەوت شەمسەدین پێیوانییە کە کاریگەریی هەبێت، چونکە ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ خودی عەبدولمەهدیدا نەکراوە.

ش.ف