عەبدولمەهدی: هەرێم نەوتی ڕادەستنەکردووە بەڵام ئێمە مووچە نابڕین

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، ڕاشیگەیاند: عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕێت.


ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفڕانسی هەفتانەی خۆیدا، دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و دۆسییەی نەوت و مووچە چەند زانیارییەکی خستەڕوو.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، تەنها یەک بەرمیل نەوتیشی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.

وتیشی: حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابڕێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ، پێویستە حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بەڵام تا ئێستا وەک عەبدولمەهدی وتی "یەک بەرمیلیش ڕادەست نەکراوە".

س.ح