عەریزە نووسیین لە٢٥٠٠ دینارەوە بۆ ۲٥هەزار ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

عەریزەنووسەکانی دادنووس، لە سلێمانی سەبارەت بە زیادكردنی بڕی تێچووی مامەڵەی هاوڵاتیان لە ٢٥٠٠ دینارەوە بۆ ٢٥ هەزار دینار و پێدانی بە كۆمپانیایەکی كەرتی تایبەت ناڕەزایەتییان دەربڕی و تا سێشەممە مۆڵەت دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان.


ئەمڕۆ لەبەردەم دادنوسی یەك-ی سلێمانی لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە لایەن نوێنەری سەرجەم عەریزە نووس و دوکاندارانی فۆتۆکۆپی دادنوسی سلێمانی ڕێکخراو بە ناوی سەرجەم عەریزە نووس و دوکاندارانی فۆتۆکۆپی دادنوسی هەرچوار پارێزگای سلێمانی، دهۆک، هەولێر و هەڵەبجە یاداشتێکییان ئاڕاستەی ڕای گشتی و لایەنی پەیوەندیدارەکان کرد.

گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای (infore R) کراوە سەبارەت بە سیستەمکردنی ئەلیکترۆنی فەرمانگە دادنووسییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە پێی ئەو گرێبەستە مامەڵە و نووسینی عەریزە لە ٢٥٠٠ دینارەوە بووە بە ٢٥ هەزار دینار و لە ئێستاشدا کارکردن بە گرێبەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە پێی وتەی عەریزە نووسەکان ڕوون نییە کۆمپانییاکە سەر بە کێیە؟ ناوخۆییە یاخود دەرەکی؟.

عەلی عەباس، نوێنەری سەرجەم عەریزەنووسان و دوکاندارانی فۆتۆکۆپی، لە کۆنگرەکەدا یاداشتنامەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو:

- بەتەواوی دژی یاسای کارپێکراوی عێراقی ژمارە ۱۳٥یاسای ساڵی ۱۹۷۱ی عێراقییە، کە عەریزەنووسی دادنووس ڕاستەوخۆ دەبێت لە ژێر فەرمانی حکومەتدا بێت، بەڵام بەوشێوەیە عەریزەنووس دەبێتە کارمەندی کۆمپانیا.

- لە وڵاتان سیستمی ئەلیلکترۆنی بۆ نەهێشتنی ڕۆتیناتە، بەڵام لێرە بە بەرگی ئەلیکترۆنی هەمان ڕۆتیناتی پێشوو دەمێنێت.

ـ زیادبوونی بڕی نووسینی عەریزەیەک لە ۲٥۰۰ دینارەوە بۆ۲٥هەزار بووەتە بارگرانییەک بۆ هاوڵاتییان و پارەکەش دەچێت بۆ کۆمپانیایەک.

ـ یەکێک لە بنەماکانی بوون بە ئەلیکترۆنی شەفافیەتە،بەڵام ئەم کۆمپانیایە ئامادەنییە هیچ یەک لە بڕگە و خاڵەکانی ناو گرێبەستەکە ئاشکرا بکات، کە ئەمەش جێگای گومانە.

ئەو نوێنەرە لەدرێژەی خوێندنەوەی یاداشتنامەکەدا ئەوەی خستە ڕوو کە بە هیچ شێوەیەک لە مافی خۆیان خۆش نابن و هەموو ڕێگایەکی مەدەنییانە دەگرنە بەر، هاوکات داوا لە وەزیری نوێی داد و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد کە بە زووترین کات بەم بڕیارەدا بچنەوە و هەڵیبوەشێننەوە و ڕەچاوی بار و گوزەرانی خەڵک بکەن، ئاماژەیبەوەشدا کە ئەگەر تا سێشەمەی داهاتوو وەڵامیان نەدرێتەوە ئەوا مان لە کارکردن دەگرن و هەڵوێستی جیاوازتریان دەبێت.

ک.س