فراکسیۆنە کوردییەکان: پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێم نییە

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنن، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی نییە و دادپەروەرانە نییە، هاوکات باس لەوەش دەکەن ئەو سێ سیناریۆیەی بۆ پشکی هەرێم دیارییکراوە، هیچ کامیان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نییە.


ئەمڕۆ لە نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و هاپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق ئەنجام دا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان باسیان لە کەموکوڕییەکانی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاساکەدا کرد، ئەحمەدی حاجی ڕەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەو سێ سیناریۆیەی بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا پێشکەشکراون، هیچ کامیان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و شایستەی هەرێمدا نییە.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا، پشکی هەرێم بە سێ سیناریۆ دانراوە، له‌باره‌ی سیناریۆکانی ناردنی ڕێژه‌ی لەسەدا ١٢.٦٧ سه‌نته‌ری زانیاری و لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کوردستان له‌ راپۆرتێکیدا، بەم شێوەیە باسی لە سێ سیناریۆکە کردووە.

له‌ راپۆرته‌که‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ ئەگەر حکومه‌تی عێراق کۆی گشتی بودجەی بەکاربەر و وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، کە بڕەکەی (٥٧٠) ملیار دینار دەبێت لەمانگێکدا، دەکاتە له‌سه‌دا ٦٥ سیستمی کۆنی مووچەی کوردستان و سه‌دا ٩٥ی سیسته‌می پاشکه‌وتی مووچه‌، که‌ هه‌رێمی کوردستان ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێک و ١٠ مانگه‌ په‌یڕه‌وی ده‌کات.

له‌ راپۆرته‌که‌ی سه‌نته‌ره‌که‌دا، رونکراوه‌تەوە‌ که‌ ئەگەر بەغدا تەنیا بودجەی بەکاربەر رەوانەی کوردستان بکات، که‌ بڕەکەی ٤٣٥ ملیار دینار دەبێت لەمانگێکدا، ئه‌مه‌ش ده‌کاته‌ لە سه‌دا ٤٥.٦٥ی کۆی گشتی مووچه‌ له‌ کوردستان به‌ سیسته‌می کۆن و سه‌دا ٦٧ی سیسته‌می پاشه‌که‌وتی فه‌رمانبه‌ران.

له‌ راپۆرته‌که‌ی سه‌نته‌ره‌که‌، به‌ئه‌گه‌ری "به‌هێز"ی سیناریۆی سێیه‌م کراوه‌، که‌ به‌لای سه‌نته‌ره‌که‌ خراپتیرین سیناریۆیه‌، به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بەغدا بودجەی فعلی رەوانە کوردستان بکات، به‌ڵام دوای دەرهێنانی کورتهێنان، ئەوکات ٣٤٨ ملیارو ٤٠٠ ملیۆن دینار به‌ر کوردستان ده‌که‌وێت له‌ مانگێکدا، ئه‌مه‌ش ده‌کاته‌ لە سه‌دا ٣٩.٩ی کۆی گشتی مووچه‌ به ‌سیسته‌می کۆن و سه‌دا ٥٣.٦ی مووچه‌ی ئێستا به‌ پاشکه‌وته‌وه‌.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوەش کرد تێبینی زۆریان لەسەر پڕۆژەیاساکە هەیە، وتیشی: "بێگومان وه‌زیری دارایی که‌ کورده‌ ده‌توانێت گوێ له‌ تێبینییه‌کانمان بگرێت و شایستەیی کورد له‌بودجه‌ی عێراق جێگیربکات، به‌ڵام تائێستا به‌داخه‌وه‌ گوێی لێ نه‌گرتووین".

ئەحمەد حاجی ڕەشید، کە ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانیشە، باسی لەوەش کرد کە پشکى هەرێم لە کۆتا رەشنوسى پڕۆژەى بودجە کە خوێندنەوەى بۆکراوە  بە ١٢.٦٧جێگیرکراوە، لەکاتێکدا بە پشت بەستن بە داتاى فەرمى وەزارەتى پلاندان، ژمارەى دانیشتوانى هەرێم زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە و بەپێى رێژەیى دەکاتە نزیکەى لەسەدا ١٤. 

 هاوکات هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنى گۆڕان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد لە مادەى ١١ی پڕۆژەیاسای بودجە، حکومەتى هەرێم پابەند کراوە بەوەى ژمارەى راستەقینەى فەرمانبەرانى هەرێم رادەستى بەغدا بکات، داواشی کرد حکومەتى هەرێم پاکسازى لە لیستى فەرمانبەران بکات و ئاشکرا بێت کە ژمارەى راستەقینەی فەرمانبەر و موچەخۆرانى حکومەتى هەرێم چەندن".

 

ک.ک