"فرۆشی نەوتی ئێران ٢٠ هێندە دابەزیوە"

نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرایدەکات، فرۆشی نەوتی ئێران ٢٠ هێندە دابەزیوە و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە ڕێگەیەک بۆ چوونە دەرەوە لەم دۆخە بدۆزێتەوە.


حشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە کەمبوونەوەی فرۆشی نەوت فشاری هێناوەتە سەر خەڵک و ئابووری ئێران.

فەلاحەت پیشە بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی جیهان و ناوچەکە وتوویەتی: ئێمە ناتوانین چاوەڕیی دیپۆلۆماسییەکی نوێ لە بازنەی بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) بکەین، چونکە ئەولەویەتەکانی جیهان گۆڕاوە، ترامپ سەرقاڵی لێپرسینەوە بۆ سەندنەوەی متمانەیە، ئەوروپا سەرقاڵی برگزیتە و ڕۆژهەڵاتی ناوینیش تووشی نا ئارامی و گرژی بووە، بۆیە کێشەی ئەتۆمی ئێران چیتر سەرنجی ڕاگەیاندن و دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان بەرەو لای خۆی ڕاناکێشێت، هاوکات کێشەی کەمبوونەوەی فرۆشی نەوتی ئێران لەجێی خۆی ماوەتەوە و فشاری هێناوەتە سەر خەڵک و ئابوری ئێران.

فەلاحەت پیشە ئاشکرایکردووە کە فرۆشی نەوتی ئێران، ٢٠ هێندە دابەزیووە و ئەمە بابەتێکی گرنگە کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێویستە بۆ گۆڕینی دۆخەکە، ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تا بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات. 

ک.س