فیستیڤاڵی بەهاریی سلێمانی ڕەنگینتر دەکات

لە شاری سلێمانی فیستیڤاڵی بەهاریی دەستیپێکرد و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەکاریی ڕێکخراوی کشتوکاڵی گەشەی لادێ، لە پارکی ئازادیی لە شاری سلێمانی 'فیستیڤاڵی بەهاریی' دەستیپێکرد و بڕیارە سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.

لە فستیڤاڵەکەدا ٥٠ کەس و کۆمپانیا بە بەرهەمی کاری دەستیی، خورادنی کوردەواریی، بەهارات، گوڵ و شەتڵ،پۆشاک، ڕازاندنەوەی ناوماڵ و چەندین بەرهەمی دیکە بەشدارییان کردووە.

فیستیڤاڵەکە تەنیا بۆ شاری سلێمانی نەبوو، بەڵکو بەشێک لە بەشداربووان لە شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کردووە، وەک خۆشیان باسی دەکەن، ئامانجی سەرەکییان برەودانە بە بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی لایەنی ئابووریی.

ئەگەرچی ئەو بەرهەمانە لەناوخۆ ئامادە دەکرێن، بەڵام ئەوەی نیگەرانیی دروستکردبوو، ئەوەبوو کە بەشێکی زۆری کەرەستە خاوەکانیان لەدەرەوە هاوردەدەکرێن و تەوقاوی کەرەستەکان لەناوخۆ بەرهەم ناهێندێن.

لەبارەیەوە، زانا تەیب-ە، کە بە بەرهەمی ئاڵەت و گوڵ و گیای سروشتی بەشداریی کردووە، لە لیدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ساڵانی شەستەکان باوکی دووکانی ئەو بەرهەمانەی هەبووە و زۆرینەی گوڵ و گیاکانی لە ناوخۆوە بەرهەم هێنراون، بەڵام ئێستاکە پێچەوانە بووەتەوە و بەرهەمەکان لەدەرەوە دەهێندرێن.

زانا تەیب، گوڵەباخ و بەیبوونی بە نمونە هێنایەوە و وتی: گوڵەباخ و بەیبوون لە ناوخۆدا زۆرن، بەڵام ئێمە هیچ کەڵکی لێوەرناگرین و هەر لە وڵاتانی دیکە دەیهێنین، کەمتەرخەمیش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی خەڵک لە کارکردن.

ش.ف