فەرمانبەران چاویان لە گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیانە

مامۆستایان و فەرمانبەران دڵخۆشن بە لابردنی پاشەکەوت لەسەر مووچەکانیان، ئاماژە بە کاریگەرییە خراپەکانی پاشەکەوتی مووچە دەکەن و دەڵێن کە "خەڵک هەبووە لە تاو بێ پارەیی خۆی کوشتووە"، لابردنی پاشەکەوتیش بە دەستکەوت نازانن، بەڵکو پێیان وایە، کە ئەرکی حکومەتە. ئەوان هەروەها چاویان لە گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیانە.


ئێوارەی ٨ی ئازار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند.

بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوت خۆشحاڵیی لەناو فەرمانبەران و مووچەخۆراندا بەدوای خۆیدا هێنا، لە هەمان کاتیشدا داوای گەڕانەوەی ئەو پارەیە دەکەن، کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە مووچەکانیان پاشەکەوت کراوە.

ئاری ئیبراهیم، مامۆستای گرێبەست لە شاری سلێمانی، وەک خۆی باسی لێوەدەکات، لە سەرەتای دانانی سیستمی پاشەکەوتەوە تا ساڵی ٢٠١٨ کە گۆڕانکاریی بەسەر سیستمی پاشەکەوتدا هێندرا، نیوەی مووچەکەی پاشەکەوت کراوە، بە شێوەیەک کە مووچەکەی لە ٥٠٠ هەزار دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ ٢٥٠ هەزار دینار.

ئاری پێیوایە، کە هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە بە شێوەیەکی گشتیی کاریگەریی لەسەر دۆخی بازاڕ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەبێت، "چونکە بەشێکی ئەو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی هاوڵاتیان بووەوە، بەهۆی پاشەکەوتی مووچەوە بوو".

بەلای ئارییەوە، لابردنی پاشەکەتی مووچە دەستکەوت نییە، بەڵکو ئەرکی حکومەتە کە مووچەی فەرمانبەران دابینبکات.

ئەو مامۆستایە باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پاشەکەوتی مووچەش دەکات و دەڵێت: پاشەکەوتی مووچە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر خەڵک جێهێشتبوو، خەڵک هەبووە لە تاو بێ پارەییدا خۆی کوشتووە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک کاریگەریی هەبووە.

حیکمەت حەمەئەمینیش، وەک خۆی دەڵێت ماوەی ٣٢ ساڵە فەرمانبەرە لە بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی، داوای گەڕانەوە مووچە پاشەوتکراوەکانیان دەکات و دەڵێت: داوا دەکەین مووچە پاشەکەوتکراوەکانمان بۆ بگێڕنەوە، چونکە خەڵک قەرزدارە و ئەو مووچە کەمەی کە دەیاندا بە فەرمانبەران، بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانمان ناکات.

 

حیکمەت نازانێت کۆی بڕی ئەو پارەیەی کە لە سەرەتای دەستپێکردنی سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە لە مووچەکەی بڕاوە چەندێکە، چونکە وەک خۆی دەڵێت: ئێمە هەر حسابی ئەوەمان کردووە کە بۆمان ناگێڕنەوە و نایبینین، بۆیە حسابمان نەکردوو کە حکومەت چەند قەرزدارمانە.

هەڵگرتنی سیستمی پاشەکەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران دوای ئەوە دێت، کە بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی بڕی ٥٢٢ ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەر بەگوێرەی یاساکەش، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دوور دەبێت لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە چاوەڕوان دەکەن لە ناوەڕاست و کۆتایی ئەم مانگەدا، بەگوێرەی یاسای نوێی بودجەی عێراق، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی ٥٢٢ ملیار دینارە بگاتە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەشکرد: لە مانگی سێ-دا چاوەڕێدەکەین کە وا بودجە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود بەپێی ئەو دەق و ڕێکەوتنانەی کە هەیە جێبەجێ بکرێت، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەوەی لە بودجەدا دانراوە ئەوە بگاتە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی یان ناوەڕاستی ئەم مانگەدا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، جەختی لەوەشکردەوە، کە لە ئەگەری پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەوا ئەوان لە دادگای فیدراڵیی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.

ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دەرکرد، حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئەوەش هەرێمی کوردستانی دووچاری قەیرانێکی سەختی دارایی کردەوە، بە جۆرێک حکومەتی هەرێم توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەما، بەو هۆیەشەوە ساڵی ٢٠١٦ بڕیاری پاشەکەوتکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەران و پلەباڵاکانی دەرکرد.

بڕیاری پاشەکەوتی مووچە ناڕەزایەتیی لە شەقامی هەرێمی کوردستاندا لێکەوتەوە، فەرمانبەران دژی ئەو بڕیارە دەیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مانگانە ٣١٧ ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧دا بیرە نەوتەکانی سنووری کەرکوک کەوتنەوە دەست حکومەتی عێراق، ئەوەش وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی لە سیستمی پاشەکەوتی مووچەدا بکات.

پێشتر ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری شێرکۆ حەمەئەمین، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستانی ئاشکرایکردبوو، کە تێکڕای ئەو پارەیەی کە لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوتکراوە، بەو سێ مووچەیەی سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٥یش کە پاشەکەوتکرا، دەکاتە ١١ ملیار و ٥٠ ملیۆن دۆلار.


ک.ک