قائیمقامیه‌ت هاوڵاتیان له‌ جۆرێك خواردنه‌وه‌ی مه‌ترسیدار‌ ئاگادار ده‌كاتەوه‌

قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هاوڵاتیان له‌ جۆرێك خواردنه‌وه‌ی مه‌ترسیداری ئێرانی‌ ئاگادار ده‌كاتە‌وه کە ‌هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدانییه‌ و بۆ خوادنەوە گونجاو نییە.


بەپێی نوسراوێکی ڕاگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، کە ئەمڕۆ کۆپییەکی ئاراستەی ڕۆژنیوز کردووە، خواردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ کە هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه‌ و هۆشداری ده‌درێته‌ هاوڵاتیان خۆیانی لێ به‌دور بگرن.

لە نوسراوەکەدا هاتووە به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/ هۆبه‌ی زانیاری و به‌دواداچونی فه‌رمانگه‌كان ئاگاداری کردونەتەوە كه‌ "جۆرێك ئاوی لیمۆ له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی دا هه‌یه‌ به‌ناوی ئاوی لیمۆی (مه‌حشه‌ر)، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی فیزیای و كیمیایی له‌ تاقیگه‌دا بۆكراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ نه‌گونجاوه‌ بۆ خواردنه‌وه"‌.

قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ئه‌و خواردنه‌وه‌یه‌ دروستكراوی وڵاتی ئێرانه‌ و هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ئه‌و به‌رواره‌ی له‌سه‌ریەتی به‌سه‌رچوو نییه‌، به‌ڵام به‌هۆی خراپی پێكهاته‌كه‌یه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان ڕاسپاردووە بۆكاری پێویست و بڕیاریانداوە له‌هه‌ر بازاڕ و شوێنێكدا ئه‌و جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی ئاوی لیمۆوه‌ ده‌فرۆشرێت بینرا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و ده‌ستبه‌جێ له‌ناوببرێت.

لەو چوار چێوەیەشدا قائیمقامیەت هه‌ڵمه‌ته‌كانیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌وجۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ فراوان كردووه‌ و داواش له‌ هاوڵاتیان دەکات له‌هه‌ر شوێنێك به‌رچاویان كه‌وت لیژنه‌كانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

ک.س