قائیمقامیەتەکانی هەولێر و سلێمانی لە سبەینێوە چەند ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر

هەریەک لە قائیمقامیەتەکانی هەولێر و سلێمانی بە ئامانجی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ و چاودێریکردنی بازاڕ لە مانگی ڕە مەزاندا لە سبەینێوە چەند ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر.


نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: لیژنەكانمان بەردەوامن لە كارەكانیان، بەڵام لەبەر ئەوەی مانگی ڕەمەزان تایبەتمەندی خۆی هەیە و داخوازییەكان زیاتر دەبن، بۆیە لیژنەكان زیاتر كارەكانیان چڕدەكەنەوە و بەرنامەی سەردانەكانمان زیاتر دەبێت، وتیشی: لیژنەكان لە شەوانیشدا كارەكانیان ئەنجام دەدەن و پشكنین دەكەن بۆ كەلوپەلەكان، چونكە لە شەوانی ڕەمەزاندا زۆرتر هاوڵاتیان دەردەچن.

لەبارەی نرخی شتومەکەکانیش لەو مانگەدا قائیمقامی هەولێر، وتی: دڵنیایی دەدەینە هەموو خەڵكی هەولێر كە هیچ بەرزبوونەوەیەكی نرخ بەخۆیەوە نابینێ چونكە لەگەڵ بازرگانانی هەولێر قسە كراوە كە دەستكاری نرخەكان نەكەن، هەر هاوڵاتییەكیش هەستی بە هەر پێشێلكارییەك كرد پەیوەندی بكەن بە ژمارەی لیژنەكانی قایمقامییەت ئەوانیش (٠٧٥٠٢٢٢٤٤٦٦) یان (٠٧٥٠٢٢٢٤٤٨٨).

لە لایەکی دیکەوە ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند: بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی تەندروستی ئەوخواردن و خواردنەوانەی لە مانگی ڕەمەزانیدا بە ڕۆژوانان وهاوڵاتیان دەفرۆشرێن، لیژنەكانی قائیمقامیەت سەردانی هەموو ئەوشوێنانە ده‌كات خواردنه‌كانی لێدروست ده‌كرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە له‌م مانگه‌دا سه‌ردانی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان بۆ شوێنه‌كان زیاتر ده‌بێت بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ دروستده‌كه‌ن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری ته‌ندروستی سلێمانی مۆڵه‌تی كاركردنیان وه‌رگرتبێت و پابه‌نه‌دی مەر‌جه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رشونێك مۆڵه‌تی نه‌بێت یاخود سه‌رپێچی له‌ ڕێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بكات شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئەو شوێنانەشی کاری هەویر و ناوساجی دروست دەکەن نابێت (سۆده‌) بەکاربهێنن، لەبەرئەوەی پشکنینەکان دەریخستووە زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی داواشی له‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی كرد، له‌كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچی و پابه‌ند نه‌بوون به‌مه‌رجه‌كانی كاركردن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧).

ک.س