قایمقامی پیرانشارو چۆمان کۆبوونەوە

شاندێکی ئێران بەمەبەستی پەرەپێدانی بازرگانی و گەشتیاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی سنور، لەگەڵ قایمقامی شارۆچکەی چۆمان کۆبوونەوە.


ئەمڕۆ شاندێکی ئێران بەسەرپەرشتی کونسولی ئێران لە هەرێم، قایمقامیەتی شارۆچکەی پیرانشار و کۆمەڵێک بەرپرسی پەیوەندیداری بواری بازرگانی وئەمنی لەسنووری تەمەرچین، بەمەبەستی پەرەپێدانی بواری بازرگانی و گەشتیاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی سنور، لەسنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

شاندی هەرێم پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم، بەڕیوەبەری پۆلیسی سۆران و نوێنەرانی ژووری بازرگانی و قایمقامی چۆمان و لێپرسراوان و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمنی سنورو هێزەکانی پاسەوانی سنوور.

دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە، ئەحمەد قادر قایمقامی شارۆچکەی چۆمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کردو وتی: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەردوو سنووری پارێزگای هەولێر وپارێزگای ورمێ، ئێمە بۆ هەرسێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەکی دەوریمان هەیە بە ئامانجی زیاتر برەودان بە بواری گەشتیاری و بازرگانی هەردوولا و بۆ پەنجە خستنە سەر ئەو کێشەو گرفتانەیە کەلە مەرزی حاجی ئۆمەران و تەرمەرچین هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، باس لە چاککردنی هەردوو ڕێگای نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران و تەمەرچیان-پیرانشار کراوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو سنور بەرەوپێش بچێت.

ئەوەشی وت: بڕیار دراوە لەسەر ئاستی قایمقامیەت مانگی جارێک و لەسەر ئاستی جێگرانی پارێزگار سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەکان بەردەوامیان پێ بدرێت، ئەم کۆبوونەوانەش وا دەکات زیاتر پەیوەندییەکان لە ڕێگای کەلتووری، فەرهەنگی، بازرگانی و گەشتیاری بەرەو پێشچوون بەخۆیەوە ببینێت.

ب.ش