قەتەر لە ئۆپێک دەکشێتەوە

قەتەر ڕایگەیاندووە، لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت "ئۆپێک" دەرکشێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٦١-ەوە ئەندامە تیایدا.


ئەمڕۆ، سەعد کەعبی وەزیری وزەی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بڕیاریداوە، لە ساڵی نوێدا لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت "ئۆپێک" دەردەچێت.

باسی لەوەش کردووە، ئەم بڕیارە دوای تاوتوێ کردن و بۆ بەرزبوونەوەی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە جیهان و لەسەر ستراتجییەکی درێژخایەن دراوە.

هێشتا ڕوون نییە ئەم بڕیارە تا چ ڕادەیەک پەیوەندیی لەگەڵ بڕینی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و وڵاتانی سعودی و ئیمارات و ڕکابەری ناوچەییەکان هەبێت، بەڵام وەزیری وزەی قەتر وتوویەتی ئەم بڕیارە "تەکنیکی و ستراتیجی"ە و پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە.

هەرچەند قەتەر وەک سعودیە و عێراق لە بەرهەمهێنەرە گەورەکان هەژمار ناکرێت، بەڵام ڕۆژانە ١ ملیون و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت کە بە بەراوردی هەژماری دانیشتوانەکەی، بە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکان هەژمار دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە ڕێکخراوی ئوپێک ساڵی ١٩٦٠ بە ئامانجی هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و بە بەشداری وڵاتانی ئێران، سعودیە، کوێت، عێراق و ڤێنزوێلا، دامەزرا و ساڵانی دوای ئەوە ١٠ وڵاتی دیکە چوونە ڕیزی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەوە، هەرچەن وڵاتانێک وەک ڕوسیا و ئەمریکا کە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی نەوتن لە جیهان ئەندامی ئۆپێک نیین.

ش.ف