كارگەكانی تەكاندنی هەنار لە هەڵەبجە زیادییان كردووە

ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە شەش كارگەی تەكاندنی هەنار كراونەتەوە، كە ڕۆژانە نزیكەی 15 تۆن هەنار دەتەكێنن، خاوەن باخەكانیش هێنانی كارگەكان بە كارئاسنی دەزانن بۆ بەرهەم هێنانی ڕوبەهەنار


شارى هەڵەبجە بە بەرهەمى هەنار بەناوبانگە، ساڵانە سەدان تۆن هەرنار لە هەڵەبجە بەرهەمدێن، ئەوەش وایکردووە، کە چەندین کارگەى تایبەت بە تەکاندنى بەرهەمى هەنار بکرێتەوە و خاوەن باخەکانیش بۆ کردنى هەنارەکانیان بە ئاوى هەنار یاخود ڕوبەهەنار، ڕوو لەو کارگانە بکەن.

هێنانی كارگەی تایبەت بە تەكاندنی بەرهەمی هەنار مێژوویەكی كۆنی نییە، بەڵكوو بۆیەكەمجار لە ساڵی 2015 لەلایەن هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجەوە كارگەكە لە ئێرانەوە هێنرایە شارەكە و لە توانایدا هەبوو لە ماوەی 12 كاتژمێردا نزیكەی 10 تۆن هەنار بتەكێنێت و لە ئامێرێكی تریش دەنكە هەنارەكان بهاڕێت و ئاوەكەی و دەنكی هەنارەكە لە یەك جیا بكاتەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2015 ژمارەی ئەو كارگانە زیادیان كردوو لەمساڵدا شەش كارگە بە قەبارەی گەورەتر لە کارگەکەکانى پێشوو كاردەكەن.

خاوەن باخەكان هەموو بەرهەمی هەنارەكانیان ناهێننە ئەم كارگانە بۆ تەكاندن، بەڵكوو ئەو هەنارانە دەهێنن كە بەكەڵكی فرۆشتن نایەن و لە جۆری باش نین بۆیە دەهێنرێنە ئەم كارگانە و دەتەكێندرێن و دواتر بە ئامێرێكی تایبەتی تر دەنكەكانیان دەهاڕدرێت و ئاوەكە و دەنكە هەنارەكە لەیەك جیا دەكرێنەوە و ئاوی هەنارەكە دەكرێتە دەبەی تایبەت.


عومەر محەمەد، یەكێك لە خاوەن باخە هەنارەكانی گوندی تەپەكوڕەی سەر بەشارەدێی خورماڵ، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە لە ڕێگەی هێنانی ئەم كارگانەوە كارئاسانییەكی زۆر بۆ ئێمەی خاوەن باخەكان كراوە بەتایبەت ئەو خاوەن باخانەی، كە هەنارەكانیان زۆر باش نییە و بە كەڵكی فرۆشتن نایەت دەیهێننە ئەم كارگانە و لە ماوەیەكی زۆركەمدا بۆمان دەتەكێنن و ئاوەكەی دەبەینەوە و دواتر لە ماڵەوە ئاوی هەنارەكە دەپاڵێوین و دەیكەینە ڕوبەهەنار.



ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕابردوودا ئەركێكی زۆر دەكەوتە سەرشانی خاوەن باخەكان بەتایبەت ژنان كە ئەركی تەكاندن و دواتر گرتنی ئاوی هەنارەكە لە ئەستۆی ژناندا بووە بەڵام ئێستا ئەو ئەركەمان لە كۆڵ بووەتەوە لە ڕووی پاك و خاوێنیشەوە ئەمە پاكترە و بە بەرچاوی خۆمانەوە هەنارەكەمان بۆ دەتەكێنن.

ئەگەر چی یەكەم كارگەی تایبەت بە تەكاندنی هەنار توانای تەكاندنی هەناری لە ماوەی 12 كاتژمێردا تەنها نزیكەی 10 تۆن بوو، بەڵام ئەو كارگانەی ئێستا هێنراونەتە هەڵەبجە توانای كاركردنییان زیاترە و لە ماوەی 12 كاتژمێردا زیاد لە 15 تۆن هەنار دەتەكێنن، هەروەها نرخی یەك كیلۆ تەكاندنی هەناریش بە 100 دینار دیاریكراوە.

دیاری باقی، یەكێك لە خاوەن كارگەكانی تەكاندنی هەنار لە هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت، بەهۆی زۆری بەرهەمی هەناری هەڵەبجە و هەروەها دروستكردنی ڕوبەهەنار لە لایەن هاوڵاتیانی ناوچەكەوە بیرمان لەوە كردەوە كە ئەمساڵ ئەم كارگەیە بهێنینە شارەكە، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا چەند كارگەیەكی دیکە هەبوون هەمان كاری ئێمەیان كردووە بەڵام فریای هەموو بەرهەمی هەناری ناوچەكە نەكەوتوون.

لەم کارگانەدا لەهەر تەنێک هەنار زیاتر ٢٠٠ لیتر ئاوى هەنار دەردەهێندرێت، ئەو ڕێژەیەش نزیکەى ٨٠ کیلۆ ڕوبەهەنار-ى لێ دروستدەکرێت.

کاتێک ئاوى هەنارەکە دەگیرێت، هەندێک لە خاوەن باخەکان، توێکڵى هەنارەکە و دەنکى هەنارەکە دەبەنەوە و تێکەڵ بە ئالیکى ئاژەڵى دەکەن و دەیدەنە ئاژەڵەکان.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجەوە بە ڕۆژنیوزدراون، ساڵانە لە ڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی، زیاتر لە 20 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنرێت، بەشێكی زۆری ئەم هەنارانەش لە بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێم ساغ دەكرێنەوە و بەشێكی تریشیان دەکرێنە ڕوبەهەنار و بەو شێوەیە دەفرۆشرێت.

د.ع