كتێبێک لەبارەی ئابووریی ناوچه‌ی كفرییەوە بڵاوكرایه‌وه‌

له‌ مه‌راسیمێكدا، به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كتێبه‌وه‌، كتێبی 'ئابووریی ناوچه‌ی كفری له‌ هه‌ڵكشانه‌وه‌ بۆ داكشان' له‌نێوان ساڵه‌كانی ١٨٥٠ بۆ ٢٠١٨ی نووسه‌ر سوهێل عه‌زیز، بڵاوکرایەوە.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، له‌ ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و هونه‌ریی شارۆچكه‌ی كفری،سه‌ر به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌ مه‌راسیمێكدا، كه‌ توێژه‌ جیاجیاكانی شارۆچكه‌كه‌ ئاماده‌بوون، كتێبی ئابووریی ناوچه‌ی كفری له‌ هه‌ڵكشانه‌وه‌ بۆ داكشان بڵاوکرایەوە.

كتێبەکە له‌ دووتوێی ٢٦٦  لاپه‌ڕه‌دا، به‌سپۆنسه‌ری ڕێكخراوی هاوكاریی ئه‌ڵمانی چاپكراوه‌.

لە مەراسیمەکەدا، نووسه‌ر باسی له‌ كتێبه‌كه‌ی كرد‌، پاشان واژۆی لەسەر کتێبەکە کرد بۆ ئامادەبووان.

كتێبی 'ئابووریی ناوچه‌ی كفری له‌ هه‌ڵكشانه‌وه‌ بۆ داكشان' لە چەند بەشێک پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا‌، باس له‌ ئابووریی شارۆچكه‌ی كفری ده‌كات، لەسه‌رده‌می عوسمانییه‌كان له‌ ١٨٥٠ بۆ هەتا ساڵی ٢٠١٨، له‌ڕووی كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی و بازرگانی له‌كۆنه‌وه‌ تائیستا، هه‌روه‌ها  له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌، كه‌چۆن كفری ناوه‌ندی بازرگانی بووه‌ بۆ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و به‌غدا.

به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌، باس له‌ چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانی كفری ده‌كات، وه‌ك قه‌یسه‌ری  كفری و حه‌مامه‌كان و میوان خانه‌كان، كه‌ چۆن هۆكارێك بوون‌ بۆ گه‌شه‌ندنی ئابووریی كفری.

به‌شی سێیه‌م، باس له‌ داكشانی ئابووریی كفری ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌،هه‌روه‌ها له‌و به‌شه‌دا، باس له‌وه‌ كراوه‌، بۆ داهاتوو چی بكرێت بۆ گه‌شه‌ندنی ئابووریی شارۆچكه‌كه‌ له‌ڕووی بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشه‌سازییه‌وه.

سوهێل عه‌زیز، خاوه‌نی شه‌ش كتێبی دیكه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی كفری و گه‌رمیان.

د.ع