لایەنەکان لە کارنامەى هەڵبژاردنیاندا چۆن دەڕواننە کێشەکان..بەشى پێنجەم

ئابووریی یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی بەرنامەی حزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە تووشی قەیرانی ئابووریی بووە و کێشەی بێکاریی، کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، کێشەی نەوت و بودجە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و نەدانی مووچەی کارمەندان لە ئارادان، هاوڵاتیانیش حکومەت بە بەرپرسی ئەو کێشانە دەزانن.


هەموو حزب و لیستە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بەرنامە ئابورییەکانیاندا باس لە کەمکردنەوەی فشار بۆسەر هاوڵاتیان دەکەن، ئاماژەیان بە کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی، پیشەسازیی و گەشتیاریی داوە، هەروەها باسیان لە کێشەی نەوت و چارەسەرکردنی داهات کردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لە چوار ساڵی داهاتوودا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستن و ئابوری هەرێم بەهێزبکەن.

هەروەها حزبەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، ژینگە و وزە باسیان لە دروستکردنی بەنداو کردووە، دەرهێنانی بانکەکانی هەرێمی کوردستان لەژێڕ دەسەڵاتی حزبەکان یەکێکی دیکە لە بەڵێنی ئەو حزبانەیە لە بەرنامە ئابورییەکانیاندا.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان- ی.ن.ک، لە بەرنامەکەیدا ئاماژەی بە جیاوازیی ئاستی مووچەی کارمەندە ئاساییەکان و کارمەندە پلەبەرزەکان داوە و بەڵێنی داوە، کە هاوسەنگییەک لەو نێوانەدا پێکبێنێت.

هەروەها باسی لە چاکسازیی ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی فڕۆکەخانە کردووە و بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ هاتووچۆی نێوان شارەکان ئاماژەی بە دروستکردنی ڕێگای ئاسنی شەمەندەفەر داوە.

بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێکهێنانی دەستەیەکی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، کە بە نایاسایی براون بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها بەمەبەستی چاودێرییکردنی خەرجکردنی پارە و ڕێگریی لە گەندەڵی دارایی بەڵێنی پێکهێنانی دەستەی دەستپاکیی و کۆمیسیۆنی دارایی داوە.

لە بەرنامەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەشێکی دیکەش هەیە، کە جەخت لە چاودێرکردنی پەرلەمان بۆ هەناردەکردنی نەوت، داهاتەکەی و هاوردەکردنی کاڵا دەرەکییەکان دەکاتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە بەرنامەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ڕیفۆرمێکی نوێ لە هەموو ڕووەکانەوە پێکدێنێت، بەجۆرێک کە ڕێگریی لە گەندەڵیی دارایی و خەرجی نەگونجاوی داهاتی وڵات بکات.

کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، کە نەوت لە ژێر دەسەڵاتی حزبەکان دەردەهێنێت و دەیخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگاوە.

یەکگرتووی ئیسلامیش وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لە پێکهێنانی هاوسەنگیی لە نێوان مووچەکاندا کردووە، بەپێچەوانەی هەموو حزبەکانی دیکە ئاماژەی بە مافی کرێکاران داوە و پرۆژەی بۆ پاراستنی مافی کرێکاران دیاریکردووە، بەڵام وردەکارییەکانی ئەو پرۆژەیەی نەختووەتە ڕو.

بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشخستنی رێگاوبان و فڕۆکەخانەکانی لە بەرنامەکەیدا هێناوە و ڕایگەیاندووە، کە داهاتی فڕۆکەخانەکان و گومرکەکان بگەرێنێتەوە  بۆ حکومەتی هەرێم.

نەوەی نوێ ئاماژەی بە دروستکردنی ڕێگای ئاسنیی لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان داوە و بەڵێنی پێخستنی سیستمی هاتووچۆ و گواستنەوەی داوە.

نەوەی نوێ هەروەها باسی لە دابینکردنی کارەبا بۆ ماوە ٢٤ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژ کردووە و چارەسەرکردنی کێشەی ئاویشی بە یەکێک لە ئامانجەکانی خۆی داناوە.

زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی بەرنامەی نەوەی نوێیە، نەوەی نوێ هەروەها دەیەوێت بێکاری کەم بکات و هەلی کار هەم لە کەرت تایبەت و هەم لە کەرت گشتیدا دابین بکات.

ش.ف