له‌ سۆران پاره‌ له‌ ماڵان وه‌رگیراوه‌ و نه‌وتیشیان پێنه‌دراوه‌ 

له‌ شارۆچکه‌ی سۆران سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر وێڕای به‌رده‌وامیی ناڕه‌زایی و فشاری چالاکوانان و ڕێکخراوه‌کان بۆ دابه‌شکردنی به‌شه‌ نه‌وتی ماڵان، به‌ڵام ته‌نیا پاره‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رگیراوه‌ و نەوتیان پێنەدراوە.


لەگەڵ هاتنی وەزی سەرما و زستان، بەڵام هێشتا نەوت بە هاوڵاتیانی شارۆچکەی سۆران نەدراوە، ئەوەش هاوڵاتیانی نیگەران کردووە، لەو بارەیەوە چالاکوانان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هونه‌ر محه‌مه‌د، یه‌کێک له‌ چالاکوانان که‌ به‌شداربووە له‌ که‌مپینی ناڕه‌زایی بۆ دابه‌شکردنی نه‌وت، به‌ ڕۆژنیوزی وت: به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌رپرسان و حکومه‌ت له‌و واده‌یه‌ی دایان به‌ ئێمه‌ و خه‌ڵک بۆ دابه‌شکردنی نه‌وت ڕاستگۆ نه‌بوون، چونکه‌ پاره‌ له‌ خه‌ڵک وه‌رگیراوه‌ و هیچ ڕوون نیه‌ ئه‌م ساڵیش نه‌وت ده‌ده‌ن یان مه‌به‌ستیان ته‌نیا بێده‌نگکردنی ئێمه ‌و خه‌ڵکه‌.

وتیشی: کاتێک چالاکوان و ڕێکخراوه‌کان سه‌ردانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیان کرد به‌ڵێنیان پێدان بۆ دابه‌شکردنی نه‌وت بۆ ماڵانی سۆران، به‌ڵام وه‌ک دیاره‌ هیچ که‌سێک له‌ سۆران نه‌وتی وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ش ژیانی هاوڵاتیانی سه‌خت کردووه‌.

هه‌روه‌ها محه‌مەد ئامۆکه‌یی، چالاکوان، باسی لەوە کرد: دابه‌شنه‌کردنی نه‌وت زیانی زۆری هه‌یه‌ بۆ ژینگه‌، چونکه‌ ئەگەر نه‌وت دابه‌ش نه‌که‌ن خه‌ڵک زیاتر په‌نا بۆ بڕینی داری ته‌ڕ ده‌بات، پێویسته‌ حکومه‌ت ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌به‌رچاو بگرێت و چیتر هاوڵاتیان بێبه‌ش نه‌کات له‌ مافی خۆیان.

وتیشی: کڕینی یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به‌ ١٥٠ هه‌زار دینار له‌ توانای هه‌موو که‌سێکدا نیە، سه‌دان خێزان له‌ سۆران هه‌ن‌ ناتوانن نه‌وت بکڕن و‌ که‌شوهه‌وای سۆران یه‌کجار سارده.

هه‌ژار ماهیر، به‌رپرسی که‌مپینی ناڕه‌زایی بۆ دابه‌شکردنی نه‌وت، ئەوەی خسته‌ڕوو: ماوه‌ی یه‌ک مانگ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا بووین له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و به‌رپرسانی سۆران و ده‌وروبه‌ری،‌ چه‌ندین جار به‌ڵێنیان پێداین که‌چی تا ئێستا له‌ سۆران نه‌وتی ماڵان دابه‌ش نه‌کراوه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئەوە‌ش کرد: ئه‌گه‌ر له‌م کاته‌دا نه‌وت دابه‌ش نه‌که‌ن له‌ هاویندا چ سودێکی بۆ خه‌ڵک هه‌یه،‌ هەروەها ئه‌گه‌ر دابه‌شکردنه‌که‌ی زیاتر دوابکه‌وێت ژینگه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران وێران ده‌بێت، چونکه‌ تا ئێستاش خه‌ڵک هه‌ر چاوه‌ڕوانه‌ و پاره‌یان داوه‌ته‌ بریکاره‌کان، که‌چی نه‌وتیان وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ نه‌وت دابه‌ش نه‌که‌ن ناچارین هه‌ڵوێستی دیکەی مه‌ده‌نی بگرینه‌به‌ر.

 

ک.ک