لەبەردەم پەرلەمان گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت


ڕۆژنیوز – ڕێبین یوسف

هەڵمەتی دادپەروەریی لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەکان لە هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ، ئەندامانی هەڵمەتی دادپەروەریی، کە لە ژمارەیەک چالاکوان پێکهاتووە و کار بۆ چەسپاندنی دادپەورەریی دەکات لە هەرێمی کوردستان، گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

گردبوونەوەکە بە ئامانجی چەسپاندنی دادپەروەیی لە سیستمی مووچە بوو لە یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا پرۆژەیەکە و رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و چالاکوانان یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

چالاکوانان، چەندین پانکارتیان بەدەستەوە گرتبوو، کە لەسەریان نووسرابوو"نا بۆ دەسکاریی مووچەی فەرمانبەران، بەڵێ بۆ بەڵێ بۆ بڕینی مووچەی پلەباڵاکان"، بەڵێ بۆ دانانی باج لەسەر سەرمایەداران"، "دەسەڵاتداران دادپەروەریی لەخۆتانەوە دەستپێبکەن" و هتد..

گوڵە سەلیم، لە هەڵمەتی دادپەوەریی، یاداشتەکەی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: دەبێت لە هەرێمی کوردستان هیچ مووچەیەک لە سێ ملیۆن دینار تێنەپەرێت و سنوورێک بۆ جیاوازیی بەرزترین و کەمترین مووچە دابنرێت.

هەر لە یاداشتەکەدا هاتبوو: نابیت ئەو مووچانەی لە ٥٠٠ هەزار کەمترن لە هیچ بارودۆخێکدا پاشکەوت بیانگرێتەوە، هەروەها دامەزراندن لە داهاتوو بۆ ئەو کەسانە بێت، کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە.

لە بەشێکی دیکەدا، باس لەوەکرابوو، کە پێویستە یاسای بودجەی حزبەکان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و کۆمەکپێدان بە حزب و ڕێکخراوەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە یاسا ڕێکبخرێت و کۆمەکی دەرەکی قەدەغە بکرێت، جگە لەمانەش خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵ کەمبکرێتەوە و خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرجەم پلە باڵاکان بەپێی یاسای خانەنشینی ڕێکبخرێتەوە و بە پێی تەمەن و ساڵی خزمەتیان بگۆردرێت.

لە کۆتاییشدا هاتبوو: دەبێت ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و قوربانیانی جینوساید و زیندانیان وەک خۆی بمێنێتەوە.

ش.ف