لەساڵی ٢٠١٩  زیاتر لە  ٩٦٣ کۆمپانیا و کارگەی تورکیی مایەپوچ بوون

سیاسەتە هەڵەکانی تورکیا، نەک هەر کاریگەریی لەبواری سیاسییدا دروستکردووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر  بازرگانی و ئابوورییش داناوە، بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتی ژووری بۆرسەی تورکیا، کە لەساڵی ٢٠١٩ ئاشکرای کردووە، ٩٦٣ هەزار و ٥٠٠ کۆمپانیای گەورە و بچوک لە تورکیا مایەپوچ بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، ٨٩٩ کۆمپانیاش لە لێواری مایەپوچبووندان و داوای هاوکارییان کردووە.


تورکیا، بە مایەپوچبوونی کۆمپانیا و کارگەکانی پێی نایە ساڵی ٢٠٢٠وە، لەساڵی ٢٠١٩ دا زۆر کۆمپانیای گەورە و بچوک و کارگە مایەپوچبوون، زۆر کۆمپانیاش بۆ ئەوەی بمێننەوە داوای هاوکارییان کردووە، بەرزبوونەوە و دابەزینی پارەی تورکیا و سیاسەتی شەڕ و داگیرکاریی و دەستوەردانی لە کاروباری وڵاتانی دیکە، تورکیای گەیاندووەتە قەیرانی سیاسیی و ئابووریی.

بەگوێرەی دەزگای ئاماری فەرمی یەکێتی ژووری بۆرسەی تورکیا، کە دەزگایەکی فەرمی دەوڵەتی تورکە، لەساڵی ٢٠١٩ دا ٩٦٣ هەزار و ٥٠٠ کۆمپانیا و کارگەی گەورە و بچوک مایەپوچ بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لەساڵی ٢٠١٧ دا لەهەر ٤٤ خولەکدا کۆمپانیایەک مایەپوچ بووە، لەساڵی ٢٠١٨ دا لەهەر ٤١ خولەک جارێکدا کۆمپانیایەک مایەپوچ بووە، ئەمساڵیش هەر ٤٠ خولەک جارێک کۆمپانیایەک مایەپوچ بووە.

هەڵبەتە ڕێژەی (کۆنکۆرداتۆ) داواکردنی قەرەبوو لە حکومەت، لە ساڵی ٢٠١٩ دا زۆر زیاد بووە، ئەو کۆمپانیایانەی قەرزار بوون، ناتوانن لە وادەیەکی کورتدا قەرزەکانیان بدەنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی مایەپوچ نەبن داوای هاوکارییان کردووە، ژمارەی ئەو کۆمپانییانەی لەساڵی ٢٠١٨ دا داوای (کۆنکۆرداتۆ) یان کردووە ٩٩ کۆمپانیا بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا بەرزبووەتەوە بۆ ٨٩٩ کۆمپانیا.

ئەو کۆمپانایانەی مایەپوچ بوون لە چ بوارێکدا کاریان کردووە؟

مایەپوچ بوونەکان لە هەموو بوارەکاندا بووە، بەڵام زۆرترین ئەو کۆمپانیایانەی مایەپوچ بوون، لە بیناسازیدا بووە، تورکیا کە لەچەندین وڵات لەبواری بیناسازییدا داهاتێکی زۆری دەستەکەوت ئێستا کۆمپانیاکانی بوای بیناسازییش مایەپوچ بوون، هەروەها لە کەرتەکانی گەشتیاریی و کارەبا و موبیلات و جلوبەرگ و خواردەمەنی و مریشک زۆر کۆمپانیا مایەپوچ بوون.

قەیرانی سیاسیی و دبلۆماسیی و کاریگەریی لەسەر ئابووریی تورکیا

لە ساڵی ٢٠١٩، هۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و کێشەی دبلۆماسییەت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەندێک وڵات بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای تورکیی درا، هەروەها هەندێک وڵاتی عەرەبیی و باکوری ئەفریقاش، بەهۆی ئەوەی، کە کاڵای تورکیی بازاڕەکانیانی داگیرکردووە، بڕیاریاندا بە هەڵوەشانەوەی گرێبەستە ئابورییەکانیان لەگەڵ تورکیا، چەند وڵاتێکی دیکەش پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە سنووردار کرد.

ئەو وڵاتانە کامانەبوون، کە بایکۆتیان کرد؟

سعودیە، میسر و مەغریب لەو وڵاتانە بوون، کە بایکۆتی کاڵای تورکییان کرد، سعودیە کوژرانی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە تورکیا، وەک هۆکار زانی بۆ ڕاگەیاندنی بایکۆتی کاڵای تورکیی و گەشتی تورکیا، دەوترێت، کە لە چەند مانگێکدا ڕێژەی گەشتیاریی لە سعودیەوە بۆ تورکیا ٣٠٪ کەمیکردووە، بەمەش زەڕبەیەکی گەورە بەر کەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە کەوت.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ وڵاتی مەغریب لە باکوری ئەفریقیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیمانە بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیا دا، وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانیی مەغریب، ڕایگەیاند، کە کاڵای تورکیی بازاڕی وڵاتەکەیانی داگیر کردووە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابوورییان دروستکردووە، بۆیە بڕیاریاندا پەیمانی دوولایەنەی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا، هەڵبووەشێننەوە.

عێراق-یش لە مانگی گوڵانی ساڵی ٢٠١٩ بە مەبەستی گرنگییدان بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی هێلکەی تورکیی قەدەغەکرد، ئەمە زیانێکی گەورەی بەو وڵاتە گەیاند، چونکە تورکیا ٨٠٪ی هێلکەکانی لە عێراق و  هەرێمی کوردستان ساغ دەکردەوە، بەگوێرەی میدیا تورکییەکان، لەدوای ئەو بڕیارە چەندین خاوەن کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکە مایەپوچ بوون، هەروەها بەهای تەبەقێک هێلکەی تورکیی جاران بە ١٢ لیرەی تورکیی دەفرۆشرا، ئێستا نرخەکەی بۆ ٤-٥ لیترەی تورکیی دابەزیوە، خاوەن کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە دەڵین، ئەگەر  دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ناچارن کێڵگەکانیان دابخەن.

هەروەها، عێراق دوای بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە، هاوردەکردنی ساردەمەنیی'خواردنەوە' و دۆندرمە و مەعکەرۆنی و خوێ-شی قەدەغە کرد، ئەمەش کارگەکانی خواردمەنیی خستە ناو ترسێکی گەورەوە.

بۆ ئەوەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق هەڵوەشێتەوە، کاربەدەستانی تورک لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا کۆبووەوە، دوای ئەوەش باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە بەغدا، ڕاستەوخۆ چووە ناو بازرگانەکان و داوایکرد کە داخواز لە حکومەتی عێراق بکەن هێلکەی تورکی هاوردە بکرێت، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی نەبوو، دوای عێراق لە پارێزگاکانی سلیمانی و هەولێر بڕیاردرا، کە هێلکە و مریشکی تورکی هاوردە نەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

پەرلەمانی میسر-یش دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک بڕیاریدا سەربازەکانی بنێرێتە لیبیا، کاڵاکانی تورکیای بایکۆت کرد، هەروەها داواشیان لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد، کە پەیمانە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێننەوە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی مسریش، داوایان کرد وڵاتانی عەرەب هەڵوێستێکی کردەیی دژی تورکیا نیشان بدەن.

بایکۆتی کوردستان زیانی گەیاندە ئابووریی تورکیا

ڕۆژی ٩ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩ دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشی کردە سەرخاکی ڕۆژئاوای کوردستان، بەو هۆیەوە خەڵکی باشور، کڕینی کاڵای تورکی و گەشتیان بۆ تورکیا بایکۆت کرد، هەرچەند حکومەتی باشور لەگەڵ ئەو بایکۆتە نەبوو، بەڵام زۆربەی خەڵکی باشور، وەک هەڵویستێک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پشتیوانییان لە هەڵمەتەکە کرد و هەموو باشوری گرتەوە، لە بەرامبەردا پشتگیرییان لە بەرهەمی ناوخۆیی کرد و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدەن، بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی بەڕێوبەرایەتی هاوردە و هەناردنکارانی هەولێر، ئەو هەڵمەتی بایکۆتە، ٤٩٢ ملیۆن دۆلار هاوردەکردنی کاڵا تورکییەکانی کەمکردەوە.

هەروەها بایکۆتی گەشت بۆ تورکیا زۆرێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاند.

بایکۆتی کاڵای تورکی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانیشی گرتەوە، هەرچەند لەو ناوچانە ئامارێک بەردەست نییە، بەڵام زیانێکی گەورەی گەیاندە ئابووریی تورکیا.

نەک تەنها کوردستان، لە ئەمریکا و ئەوروپاش کوردەکان و دۆستانیان و زۆرێک ڕۆشنبیری بەناوبانگ، کاڵای تورکی و گەشت بۆ تورکیایان بایکۆت کرد.

ڕوسیا و ئەوروپا بەرهەمە تورکییەکانیان گەڕاندەوە

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بابەتێکی دیکە کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی تورکیا دانا، بەرهەمە خراپەکانی ئەو وڵآتە بوون، بوونی ماددەی ژەهراوی و کیمیاوی لە سەوزە و میوەکانی تورکیا پشتڕاست کرانەوە، ڕێکخراوی "گرین پایس" ڕایگەیاند کە ١٥٪ی تەماتە، خەیار و بیبەرەکانی تورکیا ماددەی کیمیاوی قەدەغەکراوی تێدایە، هەر بەم هۆیەوە دەیان تۆن تەماتە، مریشک و لالەنگی تورکیا لە ڕوسیا و ئەوروپاوە، گەڕێندرانەوە بۆ تورکیا، کە لە ئەمساڵدا زیاتریشی کردووە.

بودجەی پاراستن و زیادبوونی خەرجە سەربازییەکان

بەهۆی سیاسەتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لەدژی کورد لە باکور، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و هەروەها لە سوریا، بەشێکی زۆر لە بودجە بۆ ئەوە تەرخان دەکرێت، هەر ساڵی ڕابردوو ٨.١٠٢ ملیارد لیرە بۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا تەرخان کرا، کە ئەمساڵ کراوە بە ١.١١٤ ملیارد لیرە، کە دەکاتە ٨.١٢٪ی بودجەی گشتی دەوڵەتی تورک و لە بودجەی هەموو وەزارەتەکان زیاترە، هەروەها دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی تورک- میت، ساڵی ٢٠١٩ـدا ١.١ ملیارد بودجەی بۆ تەرخان کراوە و ساڵی ٢٠٢٠ کراوە بە ٢ ملیارد و ١٨٢ ملیۆن لیرە.

ئابووریناسانی تورکیا لە دۆخی ئابووریی تورکیا نیگەرانن و پێشبینی دەکەن، کە دۆخەکە زیاتر خراپ ببێت و مایەپووچبوون زیاتر بێنێت.

کۆنکۆرداتۆ چییە؟

ئەو کۆمپانیایانەی قەرزدار دەبن، بۆ ئەوەی مایەبووچ نەبن سەردانی دادگا دەکەن و ئەگەر ڕێکبکەون لەگەڵ لایەنی بەرامبەریاندا، دادگا کاتێکیان بۆ دیاریی دەکات بۆ پێدانەوەی قەرزەکەیان، ئەگەر لەو ماوەیەدا بتوانن٥٠٪ی قەرزەکەیان بدەنەوە، دادگا بڕیار بۆ بەردەوامکردنی کار و چالاکییەکانیان دەدات، بە پێچەوانەوە، دادگا بڕیاری مایەبووچ بوون و ڕاگرتنی کارەکانیان دەدات.

لە ئێستادا بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی گشتی تورکیا، زۆرێک لە کۆمپانیا و کارگەکانی تورکیا پەنا بۆ ئەو یاسایە واتا "کۆنکۆرداتۆ" دەبەن تا لە مایەپووچ بوون ڕزگاریان بێت.

ش.ف