لەمەودوا ئەوانەی قاچاغچێتی بە نەوتەوە دەکەن زیندانی دەکرێن

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەکانی پەسەندکرد و بەگوێرەی یاساکە لەمەودوا ئەوانەی قاچاغچێتی بە نەوتەوە دەکەن زیندانی دەکرێن، فراكسیۆنی نەوەی نوێش بە هۆی کەموکورتی لە یاساکەدا بایكۆتی دانیشتنەکەی كرد.


ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە پێشنیازی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان  كۆبوەوە.

لە دانیشتنەکەدا بە دەنگی ٨٨ پەرلەمنتار پرۆژە پێشنیازی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان پەسەندكرا  .

بەگوێرەی یاساکە سزای سێ بۆ پێنچ ساڵ زیندانی بۆ ئەو کەسانە دیاریی کراوە کە قاچاغچێتی بە نەوت و لێدەرهێنراوەکانییەوە دەکەن، هەروەها دوای زیندانی كردنەكەش ئەو کەسانە پازدە میلۆن دیناریش سزای ماددی دەدرێن، ئەوەشی كە هەواڵدەر دەبێـت لەسەركەیسی گەندەڵیەكە سەدا ٢٥ی ئەو داهاتەی پێدەدرێت كە لە پرۆژەكە بەدەست دەكەوێت هەر لە یاساكەدا هاتووە ئەو كەسەی كە زیندانی دەكرێت بە كەفالەت ئازاد ناكرێت.

لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە هۆی کەموکورتی لە یاساکەدا بایكۆتی دانیشتنەکەی كرد، لەوبارەیەوە كاوە عەبدولقادر، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بۆیە بایكۆتی دانیشتنەکەمان كرد، چونكە پێمانوایە ئەو پرۆژە پێشنیازە كەموكورتی زۆری هەیە یەكێک لە و بڕگانەی دەبوو باس بكرایە بردنی نەوتە بەشێوەی قاچاغ و لە ڕێگای بۆرییەوە جگە لەوەی بە قاچاغبردنی نەوت لە ڕێگای تانكەوە هەیە.

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو ١-٣-٢٠٢٠ پەرلەمان دەستی بە خولی نوێی بەهارە كرد و خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیاز یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان - عێراق كرد و ئەمڕۆش بە زۆرینەی دەنگ  پەسندیكرد.

ک.س