لەکاتێکدا تورکیا کورد کۆمەڵکوژ دەکات لوتکەی ئابووریی هەرێم و تورکیا بەڕێوەدەچێت

لەکاتێکدا، کە دەوڵەتی تورک هێرشی داگرکاریی بۆسەر باشور کوردستان ئەنجام دەدات و هاوڵاتیانی کۆمەڵکوژ دەکات، لە شاری هەولێر لوتکەی ئابووریی و بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ لە هۆڵی هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر لوتکەی ئابووریی و بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بە بەشداریی زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا و ١٥٠ بازرگان، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

لوتکە بە ئامانجی پەرەدانی زیاترە بە پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانیی نێوان هەرێمی وکوردستان و تورکیا.

هەرێمی کوردستان بووەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی تورکیا و جگە لە نەوت کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت، پەیوەندییەکە بە تەواویی هاوردەکردنە و بەپێی داتایەکی نافەرمیی قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨ شەش ملیارد و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و زیاتر لە هەزار کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بەستنی ئەو لوتکەیە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٧/٦/٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بناری قەندیلیان بۆردوومانکرد و لە سەر لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل دوو ئۆتۆمبێلیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی شەهیدبوون و پێنج هاوڵاتی دیکە برینداربوون، چەند ڕۆژێک پێشتریش بۆردوومانی خواکورک-یان کرد کرد و هاوڵآتییەک شەهید و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

ش.ف