لە ئێران ساڵانە ٣٦ ملیۆن تەن خۆراک بەفیڕۆ دەڕوات

ساڵانە ١٢٠ ملیۆن تەن خوراک لە ئێران بە تایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ بەرهەم دەهێنرێت، کە ٣٦ ملیۆن تەنی بە شێوازی جوراوجۆر بە فیڕۆ دەڕوات. 


سەرەڕای ئەوەی وڵاتی ئێران کەوتووەتە دۆخێکی دژواری ئابورییەوە و ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە هەژاریدا دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە خۆراکێکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت.

ئیسمائیل نەجاڕ، سەرۆکی دامەزراوەی قەیرانەکانی ئێران، کە لە میانەی کۆنفرانسێک لەسەر ئاو و خاک لە پارێزگای ئیلام پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی ١٢٠ ملیۆن تەن بەرهەمی خۆراکی ساڵانە لە ئێران، ٣٦ ملیۆن تەنی بەفێڕۆ دەڕوات.

نەجاڕ، ئەو بابەتەی بە "کارەسات" ناو برد و دەڵێت: سود وەرگرتن لە دەرمانە کیمیاوییەکان بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر و نائاسایی، کوالێتی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی دابەزاندووە و ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی بەفێڕۆچوونی خۆراکە.  

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان- FAO، ڕۆژانە هەر کەسێک ١٣٤ کیلۆکالۆری خوراک لە ئێران بەفیڕۆ دەدات، هەروەها ٣٥٪ی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی ئێران دەبێت بە زبڵ، کە دەکاتە خۆراکی ١٥ ملیۆن کەس، ئەو بەفێڕۆڕۆیشتنە ٣٠٪ی پێکهاتووە لە قەراغ و پارچەی نان، ٢٥٪ بۆ ٣٠٪  "هەندێکجاریش ٥٠٪ی" پێهاتووە لە میوە و سەوزە، ١٠٪ی هی برنج و ٢٥٪یشی دەگەڕێتەوە بۆ باقی خۆراکەکانی دیکە.


ک.ک