لە بادینان پارتی ٥ گردی دیکەی ڕادەستی سوپای تورک کرد

هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی، لە سنوری زاخۆ، ٥ گردی دیکەی ڕادەستی سوپای تورک کرد، هاوڵاتیانیش دژی ئەو کارە ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕایدەگەیەن کە "باشوور پێویستی بە شۆڕشێکی نوێ هەیە".


دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە لە سنوری کانی ماسی پێشمەرگەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، ٦ خاڵی خۆیان ڕادەستی سوپای تورک کرد، پەیوەست بەو پرسە هەندێک زانیاری نوێ ئاشکرا بوون.

هاوڵاتییەکی نیشتەجێی سنورەکە بە ناوی نەزیر بەرواری، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا، ٥ شوێنی دیکەیان ڕادەستی سوپای تورک کردووە، کە بەپێی زانیارییەکان ئەو جێگایانەی ڕادەستی سوپای تورک کراون بریتین لە:

گردی سەرزێرک لە دەڤەری بادینان، کە لەسەر ئەو گردە نزیکەی ٢٠ ساڵە بارەگای پێشمەرگەی لێبووە و لە هەمان کاتیشدا میتی تورک هەبوون، بەڵام لە ئێستادا گردەکە بە تەواوی ڕادەستی سوپای تورک کراوە، هەروەها گردی غەمگین لە بەرامبەر گردی بارۆخێ.

لە ناوچەی بەرواریش گردی کاسوس کە دەکەوێتە دەوروبەری گوندی قومری، هەروەها لە سنوری زاخۆش ٢ خاڵ کە دەکەوێتە سەر تونێلی شارۆچکەکە بە ئاراستەی دەرچوون بەرەو گەلی چیای سپی، لە هەردوو خاڵەکەی سەر تونێلەکەش سوپای تورک و پیشمەرگە هەبوون بەڵام ئێستا بە تەواوی ڕادەستی سوپای تورک کراوە.

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ڕادەستکردنی ئەو شوێنانە، هاوڵاتیانی سنورەکە ناڕەزاییان پیشاندا و لەو بارەیەوە یەکێک لەو هاوڵاتیانە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەی ٢١ ساڵە بادینان ڕادەستی تورک کراوە و وتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها بە ناو هەیە، وەکو تر هەموو شتێک لە دەستی تورک دایەو ئەوەش ئاشکرایە".

ئەو هاوڵاتیە جەختیشیکردەوە کە چیتر خەڵک وشیار بووەتەوە، بە تایبەت لە دوای ڕاپەڕینەکەی شیلادزێ لە ناو خەڵکدا ناڕازیبوونی بەر فراوان هەیە و شتێک نەماوە بە ناوی شۆڕسی باشوور و لەمەش بەدوا باشور پێویستی بە شۆڕشێکی نوێ هەیە.

ک.س