لە بازاڕی هەولێر نرخ بەرزە و چاودێریی نییە

هەرچەندە قائیمقامیەتی هەولێر دڵنیاییدا، کە مانگی ڕەمەزان نرخ بەرز نابێتەوە، بەڵام وەک کڕیاران و فرۆشیاران باسی دەکەن، نرخەکان بەرزبوونەوەی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە و لیژنەکانیش چاودێریی بازاڕ ناکەن.


پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییدا، دڵنیای دایە هاڵوتیان، کە ڕێگە بە بەرزبوونەوەی نرخ نادەن لە مانگی ڕەمەزاندا و لیژنەکانیان بە شەو و ڕۆژ چاودێریی بازاڕ دەکەن.

ڕۆژنیوز بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی بازاڕی هەولێری کرد، دەرکەوت بە پێچەوانەی وتەی قائیمقام، نرخی زۆربەی خورادنەکان بەرزبوونەوە، ئەمەش نیگەرانیی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

محەمەد عەلی، یەکێک لەو هاوڵاتییانەیە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە لە هەموو شوێنێک لە مانگی ڕەمەزاندا نرخەكان هەزارن دەبن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێچەوانەیە و نرخ گران دەبێت، ئەو هاوڵاتییە نمونەی هێنایەوە و وتی: بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزان خورما بە سێ هەزار دینار بوو، ئێستا بووە بە شەش هەزار،  پێویستە حكومەتی ڕێگا نەدات بەم جۆرە نرخەکان بەرزببنەوە.

فەرمان محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و هیوای خواست، کە لیژنەکانی قائیمقامیەت کاری خۆیان بکەن و ڕێگا نەدەن دووكاندارەكان نرخ زیاد بكەن، چونكە كاریگەریی لەسەر کڕیاران هەیە.

فرۆشیاران، هۆکار بەرزبوونەوەی نرخەکان ناگرنە ئەستۆی خۆیان، باس لەوە دەکەن، کە لەو شوێنەی ئەوان شمەکی لێدەهێنن(جوملە فرۆشەکان) نرخەکان بەرز دەبنەوە، بۆیە ئەوانیش بە گرانتر بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە.

حاجی حەسەن، دووکانی بەقاڵیی هەیە و نایشارێتەوە، کە زۆربەی کەلوپەلەکان لە بازاڕی بهەولێر گران بوون، وتیشی: پێویستە لیژنەكانی چاودێریی حكومەت بچنە نێو عەلوەكان لەوێ چاودێریی نرخەكان بكەن.

هەروەها، هۆزان مەسعود-ی گۆشت فرۆش ڕەتیکردەوە، کە لیژنەکانی قائیمقامیەت سەردانیان بکەن و وتی:"من ماوەی پێنج مانگە لێرەم هیچ كەسێكم نەبینیوە لەلایەن حكومەتەوە بێتە ئێرە".

ئەو فرۆشیارە، وتیشی:"یەك كیلۆ سنگی مریشک، پێشتر كیلۆی بە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار بوو، ئێستا بووەتە سێ هەزار و ٥٠٠ دینار، واتە بۆ هەر كارتۆنێكیش بڕی پێنج بۆ شەش هەزاری چووتە سەر، ئەو نرخانە تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژ وایلێهاتووە، كوا لیژنە و حكومەت لەكوێن،  بابێن ناوی یەك بە یەكی ئەوانەیان پێدەڵێم كە نرخەكانیان بەرزکردووەتەوە".

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، قائیمقامی هەولێر ڕایگەیاندوبوو، لەگەڵ بازرگانانی هەولێر قسە كراوە كە دەستكاری نرخەكان نەكەن، هەر هاوڵاتییەكیش هەستی بە هەر پێشێلكارییەك كرد پەیوەندی بكەن بە ژمارەی لیژنەكانی قایمقامییەت ئەوانیش (٠٧٥٠٢٢٢٤٤٦٦) یان (٠٧٥٠٢٢٢٤٤٨٨).

ش.ف