لە تورکیا پەنیری ساختە بەبێ شیر بەرهەمدێت

ڕۆژنامەیەکی تورکی ئاشکرایکردووە ئەو پەنیرانەی لە تورکیا بەرهەمدێت، ساختەیە و بەبێ بەکارهێنانی شیر دروست دەکرێت، دەوترێت هاوڵاتیان بێ ئەوەی ئەو جیاوازییە بزانن بە نرخێکی گران ئەو پەنیرانە دەکڕن.


بەپێی ڕاپۆرتێکی نووسەرێکی ڕۆژنامەی "دونیا" بە ناوی عەلی ئەکبەر یڵدرم، کە پشتی بەستووە بە زانیارییەکانی جەمال تۆرون، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی گۆشت، شیر و خۆراکی تورکیا، ئاشکراکراوە کە تادێت بەرهەمی ساختەی پەنیر لە تورکیا زیاد دەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەو پەنیرانەی هەناردەی ژاپۆن دەکرێت باشن، بەڵام دەرەوەی ئەوە، پەنیرەکان ساختەن و تەنانەت شیریشیان تێدا بەکار نەهاتووە.

جەمال تۆرون بە ڕۆژنامەنووسەکەی وتووە: ئەو پەنیرە ساختانە بە فەرمانی دەوڵەت بەرهەمدەهێنرێن و ڕۆژ بەرۆژیش زیاتر دەبن.

یڵدرم، نووسەری ئەو ڕاپۆرتەش وەها هۆشدارییداوە: ئەو بەرهەمانەی هەرزان و ساختە دروست دەکرێن، جیاوازییەکانیان لەگەڵ بەرهەمە ئەسڵییەکان دیار نییە و لە بازاڕەکان بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێن و کەسیش ئاگای لێی نییە.

دەوترێت لە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیا ساختەکارییەکی زۆر دەکرێت و تەنانەت جۆرەکانی ڕۆن و پەنیر و چەند بەرهەمێکی دیکە بەبێ شیر دروست دەکرێن.

ک.س