لە سلێمانی بڕی هاوردە کەمدەکرێتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێشوازیی لە بڕیارێكی حكومەتی عێراق دەكەن لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی "مریشكی بەستوو، ماسی و هێلكەی مریشك" كە ئامانجی لێ بایەخدانی زیاترە بەبەروبومی ناوخۆیی، تا ئەو کاتەی لە هەرێمیش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت، بڕی هاوردەکردنیان بۆ مانگی شەش دیاریی کرد.


ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ "لیژنەی دیارییكردنی بەروبومی ئاژەڵیی و پەلەوەری لە پارێزگای سلێمانی" كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیقمیەتی سلێمانی، ئاوات محەمەد، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی "مریشكی بەستوو، ماسی و هێلكەی مریشك" لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیارێكی دروست ناوبردووە و بەپێویستی دەزانێت، کە ئەو بڕیارە لە هەرێمی کوردستان-یش جێبەجێ بكرێت كە ئامانج لێی بایەخدانی زیاترە بە بەرهەمی ناوخۆیی.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردراوە تا ئەو كاتەی ئەو بڕیارە لە هەرێم جێبەجێ دەكرێت، پێداچونەوە بەبڕی ئەو خواردن و پێداویستیانەدا بكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت و بڕی بەرهەمی هاوردەش بۆ مانگی شەش دیارییکرا و تەنیا بڕی پێویستی بەرهەمی هاوردە رێگەی پێ دەدرێت.

بەپێی بڕیارەکە، بڕی ئەو بەروبومانەی بۆ مانگی شەش  ڕێگە بەهاوردەكردنیان دەدرێت بریتی یە لە ٧٥٠ تۆن مریشكی بەستوو  هەزار و ٢٠٠ تۆن هێلكەی خواردن  و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سوور و ٨٠٠ تۆن گۆشتی ماسی لەگەڵ هاوردەكردنی پێنج هەزار سەر ئاژەڵی زیندوو.

هەروەها، بڕیاردرا بەهۆی پێگەیشتنی بەشێك لە بەرهەمە ناوخۆییەكان بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی كە لە پڕۆژە پلاستیكیەكان بەرهەم دەهێندرێت لەمانگی شەش باج بخرێتە سەر هەموو ئەو بەرهەمانەی سەوزەو میوە كە لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێت، ئەمەش بە ئامانجی ساخكردنەوە و گرنگیپێدانی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی و زیان نەگەیاندن بە بەروبوومی جوتیاران.

ش.ف