لە سلێمانی بەرهەمی خۆماڵی ٦٥٪ی پێداویستی بازاڕ دابین دەكات

رێژەی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی ٦٥٪ پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و بەرهەمی هەنار و ترێش بەتەواویی پێداویستیی بازاڕ دابین دەکات و هەناردەی عێراق-یش دەکرێن،


ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبوومی سەوزە و میوە  لە پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەت، لە کۆبوونەوەکەدا، قائیمقامی سلێمانی وتویەتی: لەچەند مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ پێگەیشتنی بەشێك لە بەروبوومی ناوخۆیی و قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەروبوومانەی، كە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێت، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بوژانەوە و گەشەسەندنی بەروبومی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەوربومی جوتیاران.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بە ئامانجی زیادكردنی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی پاڵپشتی زیاتری جوتیاران و پرۆژە خۆماَلییەكان دەكەن و پێداویستیەكان بۆ دابین دەكەن و بڕیاری وەرنەگرتنی "عمولە" لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی بەتەواوی جێبەجێ دەكرێت و لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت.

 لەبارەی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ ڕێگرییكردن لەو بەرهەمە دەرەكییانەی، كە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ قەدەغە كراون  ئاوات محەمەد وتی: لەرێگەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە رێگری تەواو لە هەموو ئەو بەرهەمانە دەكەن، بە مەبەستی ساغكردنەوە و گرنگیدانی زیاتر بە بەروبومی ناوخۆیی جوتیاران.

بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە عولەوەی سلێمانی تۆمار كراوە، بۆ ئەمساڵ لەم وەرزەدا ٥٠-٦٠ هەزار تۆن هەنار و ٢٢-٣٠٠ هەزار تۆن ترێ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، كە بەتەواویی پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و بەشێكی ڕەوانەی شارەكانی تری عێراق دەكرێت،  ئەمە جگە لەو بەرهەمانەی تر لە سەوزەو میوە كە لە ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت.

بەگشتییش بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆ مانگی داهاتوو ٦٥٪پێداویستی بازاڕ دابین دەكات و تەنیا ٣٥٪ پشت بەبەرهەمی دەرەكی سەوزە و میوە دەبەسترێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی قائیمقامیەت، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا پێشنیاركرا باجی زیاتر بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی سەوزە و میوە، كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، ئەمەش بە ئامانجی ساغكردنەوە و گرنگیدانی زیاتر بە بەروبوومی خۆماڵی و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان.

ش.ف