لە شەنگال درەوی گەنم و جۆ دەستیپێکرد

دوای فەرمانەکەی ٢٠١٤، ئەوە بۆ یەکەمجارە لە شەنگال گەنم و جۆ دەچێنرێت، هەرچەند بەرهەمی ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانەوە زۆرە، بەڵام جووتیاران نیگەرانن لەوەی بەرهەمەکانیان لێ وەرنەگیریت.


دوای ئەوەی شەنگال خۆی بەڕێکخستن کرد و سیستمی پاراستنی خۆی پێکهێنا، جارێکی دیکە خەڵک دەستیان بە چاندن کرد و ئێستا کاتی درەوکردنی گەنم و جۆ هاتووە.

لە گوندی زۆمانی سەربە شەنگاڵ درەوی گەنم و جۆ دەستیپێکردووە، بارانی ئەمساڵ جووتیارانی دڵخۆش کردووە و دەڵێن بووەتە هۆی باشبوونی کشتوکاڵیان.

جووتیاران دەڵێن بەهۆی مەترسی پاشماوەکانی شەڕی داعش و تەقەمەنی ناو زەویەکانەوە، تا ئێستا نەیانتوانیوە کشتوکاڵ بکەن، بەڵام بە پاککردنەوەی ٧٠٪ی ناوچەکانی شەنگال لە پاشماوەکانی شەڕ ئەمساڵ توانیویانە ئەو کارە بکەن.

جووتیارێک بەناوی حسێن ساڵح ئاماژەی بەوەدا، کە بەهۆی مەترسی پاشماوەکانی شەڕی داعش و تەقەمەنی ناو زەویەکان زەحمەتێکی زۆریان چەشتووە و، وتیشی: دەسپێک دەترساین کشتوکاڵ بکەین، بەڵام ئەمساڵ دەستمان پێکرد و بینیمان کە زەویەکان پاککراونەتەوە، بەڵام لە ناوچەی سێبا شێخ خدر و تلعوزێر هێچ نەچێندراوە، ئەگەر ئەو ناوچانەش پاکبرێنەوە ئەمساڵ شەنگاڵ دەگەڕێتەوە بۆ چاندن، چونکە بارانێکی باش باریوە و ئەوەش دەرفەتی کشتوکاڵ زیاد دەکات.

سالح ئاماژەی بەوەدا، کە سێ ڕۆژە دەستیان بە درەو کردووە و، وتی: ئێستا گەنم و جۆ درەو دەکەین، بەڵام کێشەی فرۆشتمان هەیە، بەگوێرەی قسەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، ئەمساڵ لە عێراق جۆ لە شەنگال و گەنم لە تلعەفەر دەکڕن، بەڵام هێشتا هەنگاویان بۆ نەناوە، خەڵکیش نیگەرانە لەوەی بەرهەمەکانیان نەفرۆشرێت.

هەروەها جەمیل بەرەکات کە خاوەن دەڕاسەیەکە و، دەڵێت: ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە و کاریگەرییەکی باشی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی کردووە، بەڵام هێشتا زۆرێک لەو زەویانەی کەکراون بە گەنم و جۆ درەو نەکراون، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئاگر نەکەنەوە، یان جگارەکانیان نەخەنە ناو زەویەکانەوە، چونکە مەترسی گڕگرتنیان هەیە.

س.ح