لە فێستیڤاڵی هەناردا داوای گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی کرا

پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنار لەشاری هەڵەبجە ئەنجامدرا و تێیدا جوتیاران بەرهەمەکانی هەنار و ڕوبەهەنار و چەندین بەرهەمی دیکەی ناوخۆییان نمایشکردووە و هەزاران هاوڵاتیش سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، بەڕێوبەرانی فێستیڤاڵەکەش دڵخۆشن بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ڕووکردنیان لە بەرهەمە ناوخۆییەکان.


ئەمڕۆ لە شاری یاری شاری هەڵەبجە، تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، بەهاوكاری پارێزگاری هەڵەبجە و بە چاودێری بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە پێنجەمین ڤیستیڤاڵی هەناریی سازکرد.

لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی هەنار، ترێ‌، هەنگوین، ڕوبە هەنار و گوێز و چەندین بەرهەمی دیکەی خۆماڵی نمایشکرابوو.

هەزاران هاوڵاتی لە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو، بەئامانجی بینینی بەرهەمەکان و کڕینیان.

ئەرسەلان عابد، سەرۆكی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە،کە ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەن، لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارێکدا وتی: پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنار، هاوكاتە لەگەڵ دەستدرێژییەكانی سوپای توركیا بۆسەر خاكی پیرۆزی ڕۆژئاوای كوردستان، ئێمە چەند بێزار و دڵتەنگین بەو ستەم و داگیركارییە، هێندەش دڵخۆشین بەو وەڵام و پەیامە ڕوونەی هاوڵاتیانی كورد و گەلانی دۆستمان کە ئاراستەی داگیركەرانیان کردووە، کە دیارترین پەیامیشیان پەیمای بایكۆتی كاڵاو شتومەكی توركیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بایکۆتکردنی کاڵای تورکی هەڵوێستێکی پڕ لەشانازی هاوڵاتیانی کوردستانە و لاکردنەوەیە لە بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی و وتی: هیوادارین بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی ببێتە چەکێکی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەی داگیرکەران و كاریگەر بێت بۆ ڕاگرتنی هەر شاڵاوێكی داگیركاریی بۆسەر خاكەمان.

ماوەی پێنج ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە شاری هەڵەبجە لە وەرزی پێگەشتنی هەناردا ئەنجامدەدرێت، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵی هەنار ئەنجامدرا و بڕیار وایە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامبێت.

د.ع