لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی ناوخۆیی توانای خۆژیاندنی هەیە

تادێت بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکی لە باشوری کوردستان بەربڵاو دەبێت، دەپرسن ئەگەر بایکۆتی کاڵای تورکیی بکرێت، جێگرەوەی چییە؟ بەڵام ئاماری دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پێمان دەڵێن، کە باشوری کوردستان توانای خۆژیاندنی هەیە.


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بوارەکانی خۆراکیی و بیناسازیی و چەندین بواری دیکەدا، باشوری کوردستان توانای دابینکردنی زیاتر لە نیوەی پێداویستی ناوخۆیی هەیە.

ئێمە لێرەدا کۆمەڵێک ئامار لە چەند بوارێکدا دەخەینەڕوو، کە باشوری کوردستان توانای خۆژیاندنی تێیاندا هەیە:

بەرهەمی خۆراکیی

گەنم: هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٩٥٠ هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ ئارد، تەنها ساڵی ٢٠١٦ یەک ملیۆن و ٦١٦ هەزار تۆن گەنمی هەبووە.

مریشک:هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ١٤٠ هەزار تۆن مریشک هەیە، هەزار و ٥١٠ کێڵگەی مریشک لە ناوخۆ هەیە و ساڵانە ١١١ هەزار و ٤٠٠ تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن.

هێلکە:ساڵانە ١٦ هەزار تۆن هێلکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت و بەشێکی ڕەوانەی عێراق دەکرێت.

ئاوی کانزایی: ٤٠ کارگەی ئاوی دڵۆپێندراو لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٠ هەزار لیتر ئاو بەرهەمدەهێنن.

بەرهەمی شیرەمەنی:کارگەکانی هەرێم ساڵانە ٢٧٥ هەزار تۆن شیرەمەنی بەرهەمدەهێنن، کە ٥٥%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

هەنگوین: لە ئەمساڵدا٥٠٠ تۆن هەنگوین لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە.

گوێز: ئەمساڵ تەنها لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ١٠ ملیۆن گوێز بەرهەمهاتووە.

ئەو میوە و سەوزانەی، کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆیی تێدا پڕبکاتەوە یاخود زیاتر لە نیوەی دابینبکات.

پەتاتە، تەماتە، شووتی، هەنار، ترێ، سێو، پرتەقاڵ، قۆخ، هەڵوژە، کاڵەک، هەرمێ، هەنجیر، کەلەرم، قڕنابیت، لۆبیا، کولەکە،هەنجیر، باینجان، بامێ، پیاز، قارچک، شێلم، توور، بیبەر هتد..

بەرهەمی پیشەسازیی

چیمەنتۆ: شەش کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان هەن، ساڵانە ١٠ ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێننن، پێداویستی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-یش بە چیمەنتۆ، شەش ملیۆن تۆنە.

شیش: حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن لە هەرێمی کوردستان هەیە، توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی دوو ملیۆن تۆن شیش و ئاسنیان هەیە، جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی هەرێم، ٧٠%ی پێداویستی ناوخۆی عێراقیش پڕدەکەنەوە.

پاککەرەوە:لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کارگەی دروستکردنی بەرهەمە پاککەرەوەکانی وەک (شامپۆ، زاهی، سابوون) هەن.

جلوبەرگ:لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک چەندین کارگەی بچووک و مامناوەندی دروستکردنی جلوبەرگ هەن.

ژمارەی کارگەکانی دامەزراو لە هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ٢٠١٣ بەپێی جۆری کۆمەڵەی پیشەسازیی:

کارگەی بیناسازی: هەزار و ٩٥ کارگە، ٩ هەزار و ٣٣١ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی خۆراک:٢٩١ کارگە، ٤ هەزار و ٩٥٩ هەلی کار دابیندەکەن.

ڕستن و چنین:١٢ کارگە، ١٧٠ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی پلاستیک:٤٥٤ کارگە، ٢ هەزار و ٦٥١ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی مۆبیلیات: ٢٣٣ کارگە، هەزار و ٣٩٧ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی خزمەتگوزاریی:١٣٠ کارگە،٧٩٢ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی ئامێر و ئامراز: ٢٧ کارگە، ٣٧٤ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی کیمیاویی: ٩١ کارگە، هەزار و ٨٣ هەلی کار دابیندەکەن.

کارگەی سلیلۆزی: ٩٤ کارگە، ٦٨٦ هەلی کار دابیندەکەن.

بایکۆت بەشێوەیەکی فراوان لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووە وچەندین هەڵمەتیش چ لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەکەن بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی.

محەمەد عوسمان، هاوڵاتییەکە و کاڵای تورکی بایکۆتکردووە، ئەو لەسەر هەڵـەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەڵێت: ئەم بایکۆتە باشترین هەڵوێستە، چونکە تورکیا گەورەترین دوژمنی کوردە.

ئاراس عەلی-ش دوکاندارە لە بەر بەلەدێکەی شاری سلێمانی، ئەو باس لە خواستی هاوڵاتیان دەکات بۆ بەروبوومی ناوخۆیی و دەڵێت: ئێمە هەنار، هەنجیر، ترێ و هەرمێ-ی خۆماڵیمان لایە، خەڵک زیاتر خواستی بۆ شتی خۆمان هەیە، ئەگەر شتەکەی خۆمان ناشرینیش بێت تامی هەیە، بەڵام ئەو شتانەی کە لە دەرەوە دەیهێنن بە بەڕاد دێت، تامەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هی خۆمان هەر لەسەر بێستانەکە لێیدەکەنەوە و دەیهێننە بازاڕ.

بەوپێیەی، کە هەرێمی کوردستان هێشتا نەبووەتە خاوەن ئابوورییەکی ناوخۆیی بەهێز، بۆیە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی بڕێک لە پێداویستییەکان ڕوو لە دەرەوە بکات، یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانیش جێگرەوەکانی تورکیا دەخەنەڕوو.

بەختیار مەلا ئەمین، وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: بەرهەمی وڵاتانی عەرەبی، بەریتانیا، وڵاتانی ئەوروپا، ئوسترالیا، مالیزیا، ئیندونیزیا، چین، ژاپۆن، ئەمریکای لاتین، بەرازیل و ئەمریکاش هەیە، پێش ئەمەش چەندین ڕێککەوتنی ئابووریمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە واژۆ کردووە، پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ هەموویان هەیە، هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانی ئیندۆنیزیامان کرد و ڕێککەوتنێکمان بەبڕی ١٠.٥ ملیۆن دۆلار لەگەڵ واژۆ کردن، کە شتومەک بۆ هەرێم هاوردە بکرێت، بۆ هەموو شتێک دەتوانین جێگرەوە بدۆزینەوە.

هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و ٦١٩ هەزار و ١٩ دۆنم زەوی شیاوە بۆ کشتوکاڵکردن، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانی لە وەرزی پێگەیشتنی سەوزە و میوەدا، هەرێمی کوردستان توانای پڕکردنەوەی ١٠٠%ی پێداویستیی ناوخۆیی هەیە.

ڕەنگە چیتر بایکۆتی شتومەکی تورکیی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی هەرێمی کوردستان نەبێت، چونکە پێشتریش لە کاتی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا کە دەوڵەتانی تورکیا و ئێران زەوی و ئاسمانیان بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست، خەڵک ڕوویان لە بەروبوومە ناوخۆییەکان کردەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆشی لە بازاڕدا بەجێنەهێشت.

ش.ف