لە هەرێمی کوردستان سەدان هەزار کەس بە فێڵ مووچە وەردەگرن

پەرلەمانتارێک دەڵێت، کە لە هەرێمی کوردستان سەدان هەزار کەس بە فێڵ مووچە وەردەگرن، لە ناویاندا ٥٥ هەزار کارمەندی  بن دیوارن و ١٠١ هەزاریان زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن کە مانگانە ملیۆنان دۆلارییان لە بودجەی گشتی بۆ دەڕوات.


پرسی گەندەڵیی و بە هەدەردانی بودجەی گشتی و مووچەخۆرانی بندیوار و پلە باڵاکان و خانەنشینانی تایبەت، یەکێکە لەو پرسانەی کە بەهۆیەوە مانگانە ملیۆنان دۆلارییان لە بودجەی گشتی بۆ دەڕوات و تائێستاش پرۆژە چاکسازییەکان نەیان توانییوە ئەو پرسانە بنبڕ بکەن.

حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ڕۆژنامەی زاری کرمانجی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان سازیکردووە و لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەکەدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە کۆی ژمارەی ئەو گەندەڵیی و بندیوارانەی تا ئێستا دیارن بریتین لە: ١٥٢ کەس بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون بێ ئەوەی وەزیر بووبن، ٨٦ هەزار کەس زیاتر لە دوو تا پێنج مووچە وەردەگرن، کە پلە باڵاکان مانگانە پێنج ملیۆن دۆلاریان بۆ دەڕوات.

وتوشیەتی:"١٠١ هەزار کەس زیاتر لە یەک مووچە وەردەگرن٢٥ هەزار کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و ٥٥ هەزار بن دیواریش هەیە".

ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوەشکردووە، کە هەندێک لایەن وا هەست دەکەن پرسی چاکسازیی بۆ لێدانە لە ئەوان.

ئەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە چەندین پرۆژەی چاکسازیی پێشکەش کراوە و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمیش بەڵێنی چاکسازیی کردنیان داوە لە خانەنشینی و پلە باڵاکان و بندیوارەکاندا، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی لەو ڕووەوە نەنراوە.

ک.س