لە هەرێمی کوردستان مامەڵە بە پارەی ساختەوە دەکرێت

ئاسایشی ڕاپەڕین، دەستی بەسەر نزیکەی ١٠ ملیۆن دیناری ساختەدا گرت و بەڕێوبەری ئاسایش-یش دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان مامەڵەکردن بە پارەی ساختە ڕووی لە زیادبوون کردووە.


سەر لە بەیانی ئەمرۆ کاتژمێر ۱۰:۳۰ خولەک، محەمەد فازڵ، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، دەستگیرکردنی باندێکی ساختەکاری راگەیاند.

لە کۆنگرەکەدا، محەمەد فازڵ، وتی: هێزەکانمان لە بازگەی ئامان زەمان بە هاوکاریی یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ و بنکەی ئاسایشی شارەدێی هێرۆ، دەستیان گرت بە سەر بڕی ۹ ملێون و چوارسەد و هەشتا هەزار دیناری چاپی عێراقی ساختە و ۱۰۰ دولاری ئەمەریکی ساختە.

وتیشی: لە سەر ئەو بڕە پارە ساختەیە پێنج تۆمەتبار دەستگیر کراون و بە پێی ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادنی عێراقی ڕاگیراون و پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

وتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین، ڕاشیگەیاند: بە هۆی قەیرانی دارایەوە پارەی ساختە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

محەمەد فازڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە هەندێک جار ئەو گەشتیارانەی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە مەبەستی گەشتکردن ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن پارەی ساختە بەکار دەهێنن، چەند حاڵەتێکی پارەی ساختە هەبووە کە دراوە بە دووکان و شوێنە گەشتیاریەکان.

داواشی لە هاوڵاتیان کرد، کە لە کاتی بینینی حاڵەتی بەو جۆرە هێزەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

 

ش.ف